جگەرەکێشان ساڵانە هەشت ملیۆن مرۆڤ دەکوژێت

بەکارهێنانی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان بەرفراوان بووە و ڕێکخراو و ناوەندە تەندروستییە جیهانییەکانیش بەردەوام هۆشداریی لە زیانەکانی بەکارهێنانی ئەو جۆرە جگەرانە دەدەن.
مێژووی دروستکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە، کاتێک دەرمانسازێکی چینی بە ناوی (هۆن لیک) ئامێرێکی داهێنا کە بە بەکارهێنانی شەپۆلی سەروو دەنگ و تێکەڵ کردنی چەند ماددەیەکی کیمیایی و بەکارهێنانی هەوای تامدار، بیرۆکەکەی جێبەجێ کرد و دواتریش بە چەند شێوەیەک پەرەی پێدرا و لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە هاوشێوەی دروست کرا.
عەباس جەبار، بەڕێوەبەری بەشی کۆنترۆڵکردنی تووتن لە بەشی نەخۆشییە ناگوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێرەی دوایین توێژینەوەکان، جگەرە ئەلیکترۆنییەکان زیاتر لە 127 ماددەی ژەهراویی بەهێز و 225 ماددەی تێکدەری خانەکان و "دی ئێن ئەی"ــی مرۆڤ بەرهەم دەهێنن. ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوودا هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی فراوانی تاکەکانی کۆمەڵگە بەگشتیی و دایک و باوکان بەتایبەتی دەست پێ دەکەن، لەپێناو بەدوورگرتنی منداڵان و هەرزەکاران لە کێشانی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان و هاوشێوەکانیان.
ناوەند و ڕێکخراوە تەندروستییەکان لەسەر زیانە مەترسیدارەکانی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان هاوڕان. زانایانی زانکۆی هارڤاردی ئەمەریکی لە دوایین توێژینەوەیان لەسەر ئەو بابەتە ڕایدەگەیەنن، جگەرەی ئەلیکترۆنی هۆیەکی سەرەکییە بۆ توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵ و جگەر؛ بەجۆرێک بەکارهێنەرانی ئەو جگەرانە، ئەگەری توشبوونیان بەنەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی پوک و دەم و لێو پێنج جار لە کەسانی ئاسایی زیاترە. دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ئاشکرای دەکەن، ساڵانە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس بەهۆی کێشانی جۆرە جیاوازەکانی جگەرە و توتن دەمرن.