فەهمی بورهان: لە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس گرفت ساز دەکرێت

K24 – بەغدا:
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەنگە لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس بدرێت، بەڵام ڕێگریی لە دەنگدانەکە دەکرێت.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە و بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە بۆ چارەی گرفتەکان هەوڵی جددی دەدەن.
باسی لەوە کرد، وەزیری کشتوکاڵی عێراق پێی ڕاگەیاندوون بۆ چارەی ئەو پرسە لەسەر هێڵ دەبێت.
هەروەها ئاماژەی دا، جیا لە کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان، پرسی قەرەبووکردنەوە عەرەبە هاوردەکان و گەڕەکی نەورۆزی کەرکووکیان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری دادی عێراق باس کردووە، بۆ ئەمەش وەزیری کشتوکاڵی عێراق بەڵێنی هاوکاری داوە بۆ چارەکردنی تەواوی ئەو کێشانەی هەن.
لەبارەی پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، گوتی: هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس بدرێت، بەڵام رێگریی لە دەنگدانەکە دەکرێت.