پوتین: بەکارهێنانی چەکی ڕۆژئاوا بۆ لێدانی خاکی ڕووسیا ئەنجامی مەترسیداری هەیە

سەرۆکی رووسیا فلادیمێر پوتین دەڵێت: ئەنجامی ئەو وڵاتە ڕۆژاواییانە مەترسیدار دەبێت ئەگەر ڕەزامەندیی بدەنە ئۆکرانیا چەکەکانیان بۆ لێدانی رووسیا بەکار بێنێت .
لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئۆزبەکستان، ڕۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024)، فلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاڵۆزییە بەردەوامەکان ئەنجامی خراپیان لێ دەکەوێتەوە.
لەبارەی ئەوروپا و بەتایبەتیش وڵاتە بچووکەکان، پوتین گوتی، پێویستە هەست بەوە بکەن کە چی دەکەن، پێویستە ئەوەیان لەبیر بێت کە وڵاتی بچووکن و دانیشتوانیشیان زۆرە، گوتی، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرن بەر لەوەی قسە لەسەر ئەوە بکەن لە قووڵایی خاکی ڕووسیا بدەن.
کرێملن ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی لووتکەی ئاشتی ئۆکرانیای لە سویسرا لە مانگی داهاتوودا بە "بێمانا " ناو برد، لەبەر ئەوەی ڕووسیا بانگهێشت نەکراوە.
گوتەبێژی کرێملن، دیمیتری پێسکۆڤ ڕایگەیاند، کۆنفرانسەکە بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان لەسەر ئۆکرانیا، لە ڕوانگەی ئێمەوە بەتەواوی بێسوودە، گوتیشی، قسەکردنی جیددی لەسەر ئەم بابەتانە بەبێ بەشدارییی ڕووسیا بێمانایە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، ڤلادیمێر پوتینی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدات کۆبوونەوەی لووتکەی ئاشتیی لە ئۆکرانیا کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە سویسرا بکرێت، لەناو ببات.
زیلێنسکی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ برۆکسل گوتی، پوتین زۆر لە لووتکەی ئاشتی دەترسێت و هەوڵی داوە و بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەم کۆبوونەوە لووتکەییە ڕابگرێت.