زانکۆی سلێمانی دۆزینەوەی پرۆژەی شوێنەواری 'دێ کۆن' ڕادەگەیەنێت

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی

K24 – هەولێر:

زانکۆی سلێمانی بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی دۆزینەوەی پرۆژەی شوێنەواری 'دێ کۆن' ڕادەگەیەنێت، کە پێکهاتووە لە کۆشکێکی دێرینە لە نزیک ڕووباری سەرچنار و قولەڕەیسی، مامۆستایان و قوتابییانی بەشی شوێنەوار کاری پشکنینی تێدا دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (28ـی ئایاری 2024) دڵشاد زاموا، مامۆستا لە بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: دۆزینەوەیەکی گرنگ ڕادەگەیەنین ئەویش پرۆژەی شوێنەواری 'دێ کۆنە'، پرۆژەیەکی هاوبەشی بەشی شوێنەواری کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانییە، پێکەوە شوێنێکی شوێنەوارییان دۆزیوەتەوە لە نزیک ڕووباری سەرچنار و قولەڕەیسی، هاوکات قوتابییان و مامۆستایان پێکەوە پشکینی تێدا دەکەن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت: لە شوێنەکەوە کۆشکێک دۆزراوەتەوە کە سێ هەزار و 500 ساڵ پێش ئێستا دروست کراوە، ئەم کۆشکە لەلایەن گەلی لولووەوە دروست کراوە، کە درێنترین گەلی ناوچەی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەرێتی، ئەم گەلە دێرینە 5 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەرکەوتوون و لە ناوچەکە ژیاون و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بوون.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، لە کۆشکەکە هۆڵی پێشوازی پاشا دۆزراوەتەوە و چەندین ژووری گەنجینەشی تێدا دۆزراوەتەوە، هەورەها نووسینی مێخی دۆزراوەتەوە، کە یەکێکیان تابلۆیەکی مێخی بە دیوارەکە هەڵواسراوە و یەکەم دێری مانای ئەوە دەدات "کۆشکەکە ڕووناک و ڕۆشن بێتەوە".

دڵشاد زاموا، گوتی: ژمارەیەک مۆر لە گەنجینەی کۆشکەکەدا دۆزراوەتەوە، یەکێک لەو مۆرانە زۆر گرنگە ناوی ژمارەیەک خواوەندی لەسەرە، هەروەها لە کۆشکەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە پەرداخ و گۆزە دۆزراونەتەوە کە هەندێک لە گۆزەکان کارلێک و کاریگەریی شارستانی ناوچەی گەرمیان و کەرکووکی لەسەر بووە، کە ئەویش گەلی كاشییەکان و گەلی میتانییەکان بووە.

باسی لەوەش کرد، مامۆستایان و قوتابییان بەردەوامن لە پشکنینی شوێنەکە، ڕۆژانی داهاتووش پشکنینەکە بەردەوام دەبێت، هەروەها دۆزینەوەی کۆشکەکە مێژووی شارنشینیی لە شاری سلێمانی دەگۆڕێت.

Fly Erbil Advertisment