درۆنی سادە و هەرزان ڕۆڵێکی کاریگەری لە ململانێ سەربازییەکاندا هەیە

جۆرێکی درۆن
جۆرێکی درۆن

درۆنی سادە و هەرزان، ڕۆڵێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی لە جەنگی سەردەمییانەدا هەیە، لە کاتێکدا تێچووی ئەو درۆنانە چەند هەزار دۆلارێکە، بەڵام خستنەخوارەوەیان ملیۆنان دۆلاری تێ دەچێت.

بەکارهێنانی درۆنی هەرزان و سادە لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور؛ خەریکە شێوازی شەڕ دەگۆڕێت و ململانێکان ئاڵۆزتر دەکات.

بە گوێرەی چەند ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئێکسیۆسی ئەمەریکی و ڕۆژنامەی کیێڤ ئیندیپێندنت، ئەو درۆنانەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەکاریان دەهێنێت، تەنانەت بووەتە هەڕەشە لەسەر تانکی ئەبرامزی ئەمەریکی لە ئۆکرانیا و لە گۆڕەپانەکانی شەڕ پاشەکشەی پێ دەکرێت.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، یەکێک لە دیارترین جۆرەکانی درۆن کە ڕووسیا بەکاری هێناوە، "شاهید 136ـی ئێرانییە" و لە سەرەتای جەنگی ئەو دوو وڵاتە تا شوباتی ئەمساڵ، ڕووسیا زیاتر لە چوار هەزار و 600 درۆنی شاهید 136ـی ئاراستەی ئۆکرانیا کردووە، کە تێچووی هەر دانەیەک کەمترە لە 20 هەزار دۆلار.

هەروەها لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە 13ـی نیسانی ئەمساڵ، نزیکەی 300 مووشەک و درۆن بەکارهێنرا، لەو هێرشە نزیکەی 170 درۆنی شاهید 136 بەکارهێنراوە، تێچووی خستنەوە خوارەوەی درۆن و مووشەکەکانی ئێران لەو هێرشە 550 ملیۆن دۆلار بووە.

لە نیمچە دوورگەی کۆریا چەندین جار کۆریای باکوور درۆنی ناردووەتە دراوسێ باشوورییەکەی و هەروەها 500 بۆ هەزار درۆنی هەیە، بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن، لە کۆی 15 فڕۆکەخانە لە وڵاتەکەیان، تەنیا سێ فڕۆکەخانە ڕادار و کەرستەی پێویستیان بۆ ئاشکرا کردنی ئەو درۆنانە هەیە.

حووسییەکانی یەمەن بە درۆن و مووشەک تا ئێستا هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 40 کەشتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بە درۆن، تێچووی هەر یەکەیەک لەو درۆنە بۆمبڕێژکراوانەی حووسییەکان بەکاریان هێناوە نزیکەی دوو هەزار دۆلارە، لە کاتێکدا تێچووی خستنەخوارەوەی هەر درۆنێک لەلایەن ئەمەریکاوە دوو ملیۆن و 100 هەزار دۆلارە.

هەروەها درۆنی هەرزان لە شەڕی ناوخۆی سوودانیش بەکار دەهێندرێن کە بەشێکیان لە جۆری موهاجیری ئێرانین.

Fly Erbil Advertisment