بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەهۆی شەڕی غەززەوە دەستی لەکارکێشایەوە

دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە
دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەهۆی ڕەخنەی لە ڕاپۆرتێکی حکوومەت دەستی لەکارکێشایەوە، کە لەم دواییانەدا بڵاوکرابوویەوە و تێیدا هاتبوو ئیسرائیل "رێگر نییە لە گەیشتنی هاوکارییەکان بە کەرتی غەززە".

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە، ستیسی جیلبێرت، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێشکەش کردووە، کە لە نووسینگەی دانیشتووان و پەنابەران و کۆچبەری کاری دەکرد، هەروەها لەم دواییانەدا بەشداری لە گفتوگۆکانی ئیدارەی ئەمەریکا سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل لە غەززە کردووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە جیلبێرت ڕۆژی سێشەممە ئیمەیلێکی بۆ کارمەندانی وەزارەت ناردووە و تێیدا بۆچوونی خۆی ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: وەزارەتی دەرەوە "هەڵە بووە لەوەی کە دەڵێت گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە ئیسرائیل ڕێگری لە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە نەکردووە."

واشنتۆن پۆست ئەوەشی نووسیوە، جیلبێرت لە ئیمەیڵەکەیدا ڕایگەیاندووە، "ئیسرائیل ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکان بە هاووڵاتیانی مەدەنی غەززە دەکات، بەو پێیەی لە چەند هەفتەی دوای دەرچوونی ڕاپۆرتەکەدا ڕۆیشتنی هاوکارییەکان بەردەوام کەمبوونەتەوە، لەکاتێکدا ڕاپۆرتەکە هۆکاری پێویستی نەدۆزیەوە بۆ وەستاندنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئیسرائیل".

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێشکەش بە کۆنگرێس کرا، پێداچوونەوەی بە ڕادەی پابەندبوونی ئیسرائیل بە یاداشتنامەی ئاسایشی نیشتمانی سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی ئەمەریکی کرد کە لەگەڵ یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی ئەمەریکادا بگونجێت.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "ئەمەریکا زانیاری تەواوی لەبەردەستدا نییە، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئایا  بەرگری NSM-20ـی ئەمەریکی بە تایبەتی لەو کارانەدا بەکارهێنراون کە گوایە پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان یان مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤن".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، لە لێدوانێکدا لەسەر دەست لەکارکێشانەوەکە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: ئێمە بە ڕوونی ئەوەمان ڕاگەیاندووە، کە پێشوازی لە تێڕوانینە هەمەچەشنەکان دەکەین و پێمان وایە ئەوە بەهێزترمان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی ئەمەریکا دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، لەوانە بەڕێوەبەری کاروباری گشتی و کۆنگرێس لە نووسینگەی کاروباری سیاسی و سەربازی وەزارەتی دەرەوە، جۆش پاوڵ، ئەنیل شیلین لە نووسینگەی مافی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا  و گوتەبێژی زمانی عەرەبی لە وەزارەتی دەرەوە، هالە غریت.

Fly Erbil Advertisment