سەرۆکی ڕووسیا: ئەمەریکا دەیەوێت جیهان بکەوێتە ململانێوە

سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەمەریکا دەیەوێت هەموو جیهان بکەوێتە ناو شەڕ و ململانێوە و زیادبوونی گرژییەکان دەرئەنجامی ڕژدی دەبێت.
دوای ئەوەی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ ڕایانگەیاند، پێویستە ڕێگە بە ئۆکرانیا بدرێت هێرش بکاتە سەر خاکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتن هۆشداری دەدات و دەڵێت، دەبێت ئەو وڵاتە بچووکانە وریابن لەوەی یاری لەگەڵ چی و کێ دەکەن.
ڤلادمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە ناتۆ بەدیاری کراوی وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتە بچووکەکان دەبێت باش وریابن یاری بە چی و لەگەڵ کێ دەکەن، دەبێت لەبیریان بێت ئەو وڵاتانە ڕووبەرێکی بچووکیان هەیە و چڕی دانیشتووانیان زۆرە، پێویستە بیر لەم کارتێکەرە بکەنەوە بەر لەوەی باس لە هێرش کردنە سەر قووڵایی خاکی ڕووسیا بکەن.
سەرۆکی ڕووسیا گوتیشی: "بەشێوەیەکی گشتی ئەم بەردەوامبوونەی گرژییانە دەرئەنجامی ڕژد بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەگەر ئەم دەرئەنجامانە لە ئەوروپا ڕووبدەن ئەمەریکا لەبارەی یەکسانی لە چەکە ستراتیجییەکان چۆن مامەڵە دەکات؟ ئەوان شەڕێکی جیهانییان دەوێت".
پوتین ڕاشیگەیاند، وادیارە لە گۆڕەپانی چەکە ستراتیجییەکان دەیانەوێت دانووستان بکەن، بەڵام ویستێکی ڕژدمان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بەدی نەکردووە، پێشتریش هەزار جار گوتوومە وەک ئەوەی گوێیان نییە، "ئێمە دانووستان ڕەتناکەینەوە بەڵکو ئۆکرانیا بە ئاشکرا ڕەتیکردووەتەوە."