پەرلەمانتارانی شیعە دژی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی وەبەرهێنان دەوەستنەوە
![](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/May-2024/17169654065898798.jpg)
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عیراق زیاتر لە 20 ترلیۆن دینارە، کە 12 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخانکراوە و چوار ترلیۆن دینارش بۆ خەرجی وەبەرهێنان دیاریکراوە.
کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی و وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر زیادکردنی بودجەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بێ ئەنجام بووە، وەزارەتی دارایی ئامادە نییە دەستکاری خشتەی بودجەی ساڵی 2024 بکات، کە بەپێی خشتەکە بودجەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان تایبەتە بە پرۆژەی خزمەتگوزاری کەمکراوەتەوە و بودجەی وەزارەتەکان زیادکراوە.
وەزیری دارایی بە ئەندامانی لیژنەی دارایی گوتووە، پارێزگاکان دەتوانن ئەو پارەیەی کە ماوەتەوە لە بودجەی ساڵی 2022ـی ئاسایشی خۆراک و بودجەی ساڵی رابردوو بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری بەکاربهێنن.
رائد مالیکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێمە بەتوندی دژی ئەم بابەتەین، چونکە پێمانوایە کەمکردنەوەی بودجەی وەبەرهێنان دەبێتە هۆی پەکخستنی پرۆژەکان لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق، تێبینی ئەوەمان کردووە بابەتەکە زیاتر بەرەو مەرکەزیەت دەچێت، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە".
ئەندامانی لیژنەی دارایی ناڕازین لەو پشکەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، کە بڕەکەی چوار ترلیۆن و 954 ملیار دینارە و دەڵێن، رێگە نادەین لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، لەکاتێکدا زیاتر لە دوو ترلیۆن دیناری ئەو بڕەی دیاریکراوە خەرجی دەرهێنانی نەوتە و ئەگەر حکوومەتی عێراق هەرناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ نەکاتەوە ئەو بڕە پارەیە لەپشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەبڕدرێت.
محاسن حهمدون، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "نارەزایەتی لەلایەن هەندێک لەئەندامانی لیژنەی دارایی لەسەر پشکی هەرێم دروستبووە کە برەکەی چوار ترلیۆن دینارە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بەڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا هەیە لەبارەی رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان و پاشان ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم".
بودجەی ساڵی 2024 عیراق زیاتر لە 212 ترلیۆن دینارە و پشکی هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 20 ترلیۆن دینار دیاریکراوە، کە تێدا نزیکەی 12 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانکراوە.
هەرچەندە 10 ساڵە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بەتەواوی رەوانە نەکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانتارانی شیعە هەڵمەتێکیان دژی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی وەبەرهێنان دەستپێکردووە و دەڵێن نارازین لەو بەشەی دراوە بە هەرێمی کوردستان.