کینیا.. ساڵانە مار بە نزیکەی 20 هەزار کەسەوە دەدات
خەڵکی کینیا بە دەست پێوەدانی ماری ژەهراوی گرفتارن و ساڵانە 20 هەزار کەس مار پێوەیان دەدات و هەزاران کەس بەهۆی نەبوونی چارەسەر و دژە ژەهر گیان لە دەستدەدەن یان تووشی چەندین کێشەی تەندروستی دەبن؛ شارەزایانیش هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی پێوەدان بۆ گۆرانی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.
بەشێکی زۆری دانیشتووانی گوندەکانی کینیا بەهۆی پێوەدانی مار و نەبوونی دژە ژەهر؛ قاچ و دەستیان لە دەست داون. زانایانی کینیا بەپەلەن بۆ دروستکردنی دژە ژەهر تا ژیانی خەڵك و ئاژەڵان لەو خشۆکە ژەهراوەییە رزگار بکەن.
گۆڕانی کەشوهەوا وایکردووە مارەکان لە کونەکانیان بێنە دەرەوە و نزیکی شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان بن.
ئانا کەنگالی، دانیشتووی گوندێکی کینیایە و دەڵێت، " کاتێک بەلێزمە باران دەبارێت مارەکان لەڕێگەی لافاوەوە دەگوازرێنەوە بۆ ماڵەکانمان، ئەو مارانەی لە شاخن کە باران نابارێت دێنە خوارەوە بەدوای خۆراک دەگەڕێن، چەندین مریشکمان مرداربوونەتەوە. ئەگەر دژە ژەهمان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی پێوەدانی مار، بۆ ئێمە یارمەتیدەرێكی زۆرە."
زانایەک لە ناوەندێکی توێژینەوە لە کینیا لەگەڵ تیمەکەی یەکێک لە مەترسیدارترین و ژەهراویترین مارەکانی ئەفریقا بەکاردەهێنن کە ماری مامبای رەشە، تا دژە ژەهرێکی باشتر و هەرزانتر بەرهەمبهێنن.
جۆرج ئۆمۆندی، زانا و توێژەر لە ناوەندی توێژینەوە ئاژەڵان ئاماژە بەوە دەدات، " لێکۆڵینەوە دەکەین بۆ بەرەوپێشبردنی چارەسەرێک بۆ پێوەدانی مار، دژە ژەهرەکانی ئێستا کۆنن و چەندین کێشە و کەموکورتیان هەیە، هیواخوازین لەڕێگەی کارکردن لەسەر ئەو دژە ژەهرە بەشێوەیەکی باشتر قوربانیانیان چارەسەر بکرێن."
بەگوێرەی ناوەند و دامەزراوەکانی توێژینەوە لە گیانەوەران لە کینیا، ساڵانە 20 هەزار کەس لەو وڵاتە مار پێوەیان دەدات، لەو ژمارەیە نزیکەی چوار هەزار کەس گیان لە دەستدەدەن و حەوت هەزار کەسیش تووشی کێشەی تەندروستی و ئیفلیج بوون دەبن، هەروەها لە سەدا 60ـی قوربانییان روو لە نەخۆشخانەکان ناکەن و پشت بە چارەسەرە سروشتییەکان دەبەستن کە هیچ کاریگەرییەکی نابێت، هەروەها لە سەدا 50ـی ئەو دژە ژەهرانەی کینیا هاوردەی دەکات سوودی نییە، چونکە ئەو دژە ژەهرانەی بەکاردەهێندرێن پێویستە تایبەت بن بە جۆری مارەکانی ناوچەکە.