بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە خواست لەسەر ئاژەڵی زیندوو زیادی کردووە

سەرەڕای بوونی حاڵەتەکانی تای خوێن بەربوون، بەڵام کڕین و فرۆشتن لە مەیدانی ئاژەڵان زۆرە، بەتایبەت لەگەڵ نزیک بوونەوە لە جەژنی قوربان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی ئایاری 2024، حەمەدەمین پۆریجە، فرۆشیارلە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێربە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژانە زیاتر لە هەزار سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک مامەڵەی پێوە دەکرێت، سەرەڕای هاوردەکردنی ئاژەڵیش لە دەرەوە، بەڵام نرخەکان هەر بەرزە ، بەجۆریک ئاژەڵی گەورە کە بۆ قوربانی بگونجێت نرخەكەی لە دوو ملیۆن دینارەوە دەستپێدەكات.

لای خۆیەوە فرۆشیار دڵشاد ساڵح  دەڵێت، "تای خوێن بەربوون هیچ کاریگەرییەکی لەبازاڕ نەکردووە، چونکە بازاڕی قوربانیش دیار نییە، بەڵام دوای 10 ڕۆژ بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ بەدەر دەکەوێت".

چەند ئاژەڵ فرۆشێکی دیکەش ئاماژە بەوە دەکەن، نرخی هەندێک جوانەگا پێنج ملیۆن دینار تێدەپەڕێنێت، هەرچەندە ئەوە بە نرخێکی بەرز دادەنرێت، بەڵام خەڵکی هەولێر زیاتر حەزدەکەن جوانەگا بکەنە قوربانی.

ئاژەڵی بچووک نرخی كیلۆی لە هەشت هەزارە دینارەوە دەست پێدەکات تادەگاتە نزیکی 10 هەزار دینار و خواستێکی زۆریشی لەسەرە.

هەرچەندە مەترسی هەبوونی تای خوێنبەربوون لەسەر ئاژەڵان هەیە، بەڵام ئەوە کاریگەری لەسەر بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان دروست نەکردووە، بەشێوەیەک کە مەیدانەکانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان ڕووی لە زیاد بوون کردووە، فرۆشیاران هۆکاری ئەمە بۆ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان دەگەڕێنەوە کە بەشێک لە هاووڵاتییان لەو جەژنەدا ئاژەڵ دەکەنە قوربانی.

Fly Erbil Advertisment