جومانە غەلای: تۆماری بایۆمەتری تا 2ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەنگدەرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بایۆمەتری بکەن.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری و پەنجەمۆری دەنگدەران لە ڕۆژی یەکشەممە، 2-6-2024، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگیرێت.

جومانە غەلای گوتیشی: دەنگدەران دەتوانن سەردانی نزیکترین بنکەکان بکەن بۆ تۆمارکردنی داتاکانیان و کە لەدایکبووانی 2006 دەگرێتەوە.  

ڕۆژی پێنجشەممە، 16-05-2024، مەروان محەممەد، بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی بایۆمەتری لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردەوە.

کۆمیسیۆنی عێراق ڕۆژی 01-02-2024، پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی بایۆمەتری بۆ دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ کرد و تاوەکو 10-03-2024 بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا زیاتر لە 109 هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان تۆمار کرد؛ لە هەولێر 54 هەزار، دهۆک 24 هەزار و لە سلێمانیش زیاتر لە 30 هەزار 472 دەنگدەر. هەروەها زیاتر لە 10 هەزار کارتی بایۆمەتری دابەش کران.

بە گوتەی بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی بایۆمەتری، پشکنینی پەنجەمۆر بۆ سەرجەم ئەو دەنگدەرانە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت کە پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە دەنگدەران دەکات سەردانی ناوەندەکانی کۆمیسیۆن بکەن.

پێشتر جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نزیکەی 800 هەزار کەس کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەیە، ئەوانەش ئەو کەسانەن کە نەخۆشیی وەکو شەکرەیان هەیە یان تەمەنیان گەورەیە.

Fly Erbil Advertisment