سامان بەرزنجی: سەرجەم خزمه‌تگوزارییە ته‌ندروستییەکانمان پێشكه‌ش بە ئاواره‌كان كردووه

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری تەندروستی دەڵێت: بەهۆی گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان، دووەمین جارە بانگهێشتی کۆنفرانسی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی دەکرێت. هاوکات دەڵێت: وەزارەتی تەندروستی ئەرکی مرۆیی بەرامبەر بە یەک ملیۆن و نیو پەنابەر جێبەجێ کردووە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەشداریی شاندی وەزارەتی تەندروستی لە کۆنفرانسی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە جنێف (WHO) بە کوردستان24ـی گوت: بەهۆی گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ دووەمین ساڵە لەسەر یەک لە کۆنفرانسەکە بەشدار دەبین، دروشمی کۆنفرانسەکە "هەمووان بۆ تەندروستی و تەندروستیش بۆ هەمووان".

وەزیری تەندروستیی، ئاماژەی بەوە دا، بەشداریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا، ناساندن و فراوانکردنی پێگەی هەرێمی کوردستانە لە ئاستی جیهاندا، هەروەها بەشداریی زنجیرە کۆبوونەوەیەکمان کرد بە تایبەتی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و یاداشتێکی فەرمیمان پێشکەشیان کرد و داوامان لێیان کرد سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

ناوبراو دەڵێت: لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسمان لە کۆمەڵێک بابەتی ستراتیجی و  گرنگ کرد، یەکێکیش لەو بابەتانە پێگەی هەرێمی کوردستانە لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

سامان بەرزنجی، باسی لەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان چەندین ئاوارە و پەنابەر هەن، "ئێمە لەژێر فشارێکی گەورە و قەیرانی ئابووریداین، دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی ئێمە ئێستا لەسەر بودجەی حاکیمەیە لە وڵاتی عێراقدا و، هەندێک لێکەوتەی بارودۆخی ئابووریی، سیاسی و ژینگەیی هەن لە ناوچەکدا"، هەروەها لە کۆبوونەوەکدا باسمان لە ستراتیجییەتی ڕیفۆڕمکردنی سیستەمی تەندروستی کرد کە ئێستا لەو پرۆسەیەداین.

هاوکات سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، داوایان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی کردووە پاڵپشت و هاوکاریی هەرێمی کوردستان بێت لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان.

لەبارەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستیی، گوتی: نزیکەی ملیۆن و نیوێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن کە حکوومەت سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیانی بۆ دابین کردووە.

رۆژی دووشەممە (27ـی ئایاری 2024)، شاندی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە 77ەمین کۆنفرانسی تەندروستی جیهانی کرد، کە بۆ وەزیرانی تەندروستی وڵاتان و باڵوێزان و نوێنەرانی هەمیشەیی وڵاتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی باڵای (WHO)  ڕێکخرابوو.

Fly Erbil Advertisment