زیانەکانی ئاگرەکەی گۆڕەپانێکی سەر رێگەی گوێڕ ڕاگەیەندرا

K24 – هەولێر:
ئاگر لە گۆڕەپانی وەستانی تانکەر لەسەر ڕێگەی گوێڕ کەوتەوە و 21 تانکەر و 6 حاویەی هەڵگرتنی کەلوپەل سووتان، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێرێریش دەڵێت: هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئاگر لە گۆڕەپانی وەستانی تانکەر لەسەر ڕێگەی گوێڕ کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی دوای 5 کاتژمێر توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. حاجی جومعە، شایەتحاڵ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ماڵ بووم، کاتژمێر یەکی بەرەبەیان ئاگاداریان کردمەوە گوتیان وەرە ئاگر لە زەوییەکەت کەوتووەتەوە، کاتێک هاتم بینیم ئاگرەکە تەشەنەی کردبوو، کە گۆڕەپانی تانکەرەکانی تەنیشتمیشی گرتبووەوە.
ئاگرەکە گەورەبوو و 15 تیمی بەرگری شارستانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان دەدا. شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی بە کوردستان24ـی گوت: ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بوو.
زیانەکانی ڕووداوەکە زۆرن، 21 تانکەر 6 حاویەی هەڵگرتنی کەلوپەل بەتەواوی سووتاون، بەڵام بەبێ زیانی گیانی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.