ئەنجوومەنی وەزیران: پێویسته‌ حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێ بگەیەنێت

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، دووپاتی لەوە کردەوە، کە پێویسته‌ حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێ بگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە (29ـی ئایاری 2024)، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەیه‌كی کۆبوونەوەكه‌ی ئه‌مڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، ڕاپۆرتێک لەبارەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2025-2024 کە لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەڕێکەوتی 2024/5/19 پەسەند کرا، کە لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و شاندی دانوستانکار خرایە ڕوو؛ ئەمەش دوای کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هات لەگەڵ لێژنەی وەزاریی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم خشتانەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشیی لە شاندی هەرێم کە دواجار پێداچوونەوەی پێویستی لە سەر خشتەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرد بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران. لە هەمانکاتدا، داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرا، کە بە یەک دەنگ داکۆکیی لە ماف و شایستەکانی هەرێم بکەن لە خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاریی هەرێمیشی ڕاسپارد لە هاوئاهەنگیی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و مافە دەستووریی و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم. هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و لە دوا هەنگاویشدا ڕۆژی 2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە نەقدیی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ، وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان. کاری جدییش کراوە لەسەر ئاسانکاریی بۆ بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانکی( تی بی ئای) وەک بانکێکی حکوومەتی فیدراڵیی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانکەکە کراوە بۆ کردنەوەی هەژماریی بانکیی بۆیان. هەروەها ڕاپۆرتی وردبینیی لیستی مووچەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواو کراون و ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ کران کە بەداخەوە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی هەرێم بێ کەموکورتی و لە کاتی خۆیدا ڕەوانەی حکورمەتی فیدراڵ بکرێت و لە بەرامبەریشدا، حکرومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێ بگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن.

Fly Erbil Advertisment