ڕۆمانۆوسکی: هێرشکردنە سەر کۆمپانیاکان توانای عێراق بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی لاواز دەکات

 باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند، ئیدانەی هێرشە توندوتیژەکانی ئەم دواییەی سەر کۆمپانیا ئەمەریکی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین، هەروەها ئەم هێرشانە توانای عێراق بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی لاواز دەکات.

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، ڕاگەیەندراوێکی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاوکردەوە و گوتی: ئێمە ئیدانەی هێرشە توندوتیژەکانی ئەم دواییەی سەر کۆمپانیا ئەمەریکی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە ئەنجام بدات، داوا دەکەین بەرپرسانی ئەو هێرشانە بدرێنە دادگا و ڕێگری لە هەر هێرشێکی داهاتوو بکات".

ڕۆمانۆوسکی گوتیشی: ئەم هێرشانە ژیان و ماڵی عێراقییەکان دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها دەتوانێت توانای عێراق بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی لاواز بکات، ئێمە پابەندین بە هاوبەشی ئەمەریکا و عێراق بۆ بنیاتنانی دەرفەتی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو عێراقییەکان.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە بۆمبی دەستی هێرشکرایە سەر لقی کۆمپانیای کەرەستەی بیناسازی ئەمەریکی Caterpillar  و پەیمانگای پەروەردەیی کامبریجی بەریتانی لە بەغدا.

لەوبارەوە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کاتژمێر 01:20 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، نارنجۆکێکی دەنگی لە بەردەم کۆمپانیای "کاتەرپیلەر" لە ناوچەی جادرییەی بەغدا تەقییەوە. 10 خولەک دواتر و کاتژمێر 01:30 خولەکی بەرەبەیان، نارنجۆكێکی دیکەی دەنگی، بەرامبەر پەیمانگای کامبریج لە شەقامی فەلەستین لە ناوەڕاستی ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە بەغدا تەقیوەتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقی هەردوو تەقینەوەکەی بەغدا هیچ "زیانێکی گیانی و ماددییان نەبووە". ئاماژە بەوەش دراوە، ئەم جۆرە کارانە "هەوڵێکن بۆ زیانگەیاندن بە ناوبانگی عێراق، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی هاووڵاتییان". 

ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێت، ئێوارەی یەکشەممەی ڕابردوو، 26-05-2024، دوو چێشتخانەی سەر بە زنجیرە چێشتخانەکانی KFC لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە کرانە ئامانج، یەکەمیان لە ناوچەی شەقامی فەڵەستین و ئەوی دیکەیان لە ناوچەی کەڕادە - 62 لە بەغدای پایتەخت.

Fly Erbil Advertisment