محەممەد شوکری: کارگەی زۆم بۆتە هۆی بووژانەوەی داهاتی خەڵک

د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان
د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان لەبارەی کارگەی زۆمی شیرەمەنی، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کارگەیە بۆتە هۆی بووژانەوەی داهات و ئابووریی خەڵک.

ڕۆژی پێنجشەممە (30ـی ئایاری 2024)،محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی یەک ساڵی کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ شیرەمەنی لە کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، کارگەی زۆم بووەتە هۆی بووژانەوەی داهات و ئابووری خەڵک، گوتی، ئەمە ئاماژەیەکی باشە، کارگەی زۆم تێڕوانین و ڕێنمایی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێ دەکات لە هەمەچەشنکردنی داهات و پشتبەستنی خەڵک بە تواناکانی خۆیان. هاوکات، وتەکەی سەرۆک بارزانی جێبەجێ دەکات بۆ ئەوەی خەڵک فێری ئیش بکرێت، کە ئەمە بنەمایەکی بەهێزە بۆ کارکردنی خەڵک.

محەمەد شوکری گوتی، لەڕووی ناوبانگی هەرێمی کوردستانیش، کارگەی زۆم کە بەرهەمی سەد لە سەد سروشتییە و کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەوەی ناوبانگیی هەرێمی کوردستان لەڕووی بازرگانیی و بەرهەمەوە بەرەو پێشتر دەبات.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتیشی، هەرێمی کوردستان لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت لە بواری وەبەرهێنان پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، کەرتی کشتوکاڵ پێشتر لە داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، 1.4٪ بوو، ئێستا نزیک بووەتەوە لە 10٪ـی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێداگرن لەسەر ئەوەی سوودی زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵ وەربگیرێت بۆ زیادکردنی داهات و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان.