کۆمیسیۆنی عێراق: بە فەرمی داوامان لە سەرۆکایەتیی هەرێم کردووە وادەی هەڵبژاردن دیاری بکات

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، 2ـی حوزەیران پرۆسەی بایۆمەتری دەوەستێت و ئامادەین پێنجی ئەیلوول هەڵبژاردن بەڕێوە ببەین.

مەڕوان محەممەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیی ڕایگەیاند، نووسراوێکی فەرمیمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە و ئامادەین 5ـی ئەیلوول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەین.

بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت: 2ـی حوزەیران پڕۆسەی بایۆمەتری دەوه‌ستێت و تا ئێستا لە کۆی 135 هەزار کەس کە کێشەی پەنجەمۆریان هەبووە، تەنیا 13 هەزار کەس دووبارە پەنجەمۆریان وەرگیراوەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (22ـی ئایاری 2024)، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن ئێستا ئامادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببات، بەڵام بۆ وادەی بەڕێوەبردنی پێویستە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژێکی دیکە دیاریی بکات بەدەر لەو رۆژەی پێشتر دیاری کردبوو.

جومانە غەلای گوتی، کۆمیسیۆن لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دابنێن، ئێستا قۆناغێکی نوێ هاتوەتە پێش، دەشڵێت، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کاریگەرییان هەبوو لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی کوردستان و کورسی پێکهاتەکان.

Fly Erbil Advertisment