ڕێبوار بابكه‌یی: عێراق هه‌موو ئامرازێكی به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان تاقی كرده‌وه و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو

ڕێبوار بابكه‌یی، به‌رپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان
ڕێبوار بابكه‌یی، به‌رپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان

به‌رپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، حكوومه‌تی عێراق هه‌موو ئامرازێكی به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان تاقی كرده‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، بۆیه‌ یه‌ك ئامڕاز ماوه‌ تاقی بكاته‌وه‌، كه‌ گفتوگۆ و دانوستانه‌، ئه‌مه‌یش به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو لای تێدایه‌.

پێنجشه‌ممه‌، 30ـی ئایاری 2024، ڕێبوار بابكه‌یی، به‌رپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 ڕایگه‌یاند، لۆجیكی گفتوگۆ یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ما نه‌گۆڕ و ستراتیجییه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌تایبه‌تی له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ.

ڕێبوار بابكه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ پێناو به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی مافی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ست به‌ ماندووبوون ناكات، سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیشی بۆ به‌غدا ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماندووه‌.

به‌رپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ به‌غدا بۆ داكۆكیی لە مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ له‌ ده‌ستووری عێراق بۆی دیاری كراوه‌.

ڕێبوار بابكه‌یی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، پێشه‌وەچوونی ئه‌رێنی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئێراندا هاتووه‌ته‌ ئارا، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر به‌غدا ده‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌یش ئه‌و لۆجیكه‌ ستراتیجییه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ مامه‌ڵه‌ و مانۆڕه‌ سیاسییه‌كاندا كاری له‌سه‌ر ده‌كات.

ناوبراو ڕوونیشی كرده‌وه‌، تێگه‌یشتنێكی نوێ له‌ لای هێزه‌ شیعه‌كاندا دروست بووه‌، كه‌ به‌و باوه‌ڕه‌ گه‌یشتوون پرسه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی ده‌ستوور و په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ چاره‌ بكرێن.

ڕۆژی 19ـی ئایاری 2024، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران دانیشنێکی نائاسایی خۆی بە سەرۆکایەتیی سوودانی ئەنجام دا بۆ مەبەستی دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 و پەسەندکردنی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، خشتەکانی بودجەی گشتی 2024 ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێن بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێن.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی (چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024) کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 بە بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ لە بەغدا بەڕێوە چوو.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی گواستنەوەو ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان لە ناو خشتەکانی یاسای گشتی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

کۆبوونەوەکە، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، "لە کەشێکی دۆستانە و بەرپرسیارانەدا بەڕێوە چوو لە هەردوولاوە تێگەیشتنی هاوبەش و ئەرێنی هەبوو بۆ چارەی ئەو کێشانەی لە یاسای بودجەی ساڵی ڕابردوودا دروست ببوون، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە خشتەکانی یاسای بودجە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکە پارێزراو بێت".