شێروان دووبه‌ردانی: قۆناغێكی نوێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان دێته‌ ئارا

په‌رله‌مانتارێكی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ به‌غدا، قۆناغێكی نوێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان دێته‌ ئارا؛ ده‌شڵێت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م پاسه‌وه‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵی بڕیوه‌.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 31ـی ئایاری 2024) شێروان دووبه‌ردانی، په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، له‌ ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، په‌یام و هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی شیعه‌ به‌رانبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان گۆڕدرا و به‌ره‌و ئه‌رێنی ده‌ڕوات.

شێروان دووبه‌ردانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م پاسه‌وه‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵی بڕیوه‌ و هیچ پاساوێك نه‌ماوه‌ تاوه‌كوو لایه‌نی عێراقی به‌رانبه‌ر به‌ مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند نه‌بێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتیشی، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆمپانیاكانی نه‌وت كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، له‌ ڕۆژانی داهاتوودا كۆ ده‌بنه‌وه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری ڕێككه‌وتنی كۆتایی، پرسی نه‌وت چاره‌سه‌ر ده‌بێت و كێشه‌ی مووچه‌ و بودجه‌ چاره‌ ده‌بێت.

شێروان دووبه‌ردانی باسی له‌وه‌ش كرد، دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ به‌غدا، قۆناغێكی نوێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان دێته‌ ئارا و "پشتیوان به‌ خوا" كێشه‌ی دارایی نامێنێت و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر دروست ده‌بێت.

دوێنێ (پێنجشەممە 30ـی ئایاری 2024)، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان سەردانی بەغدای کرد و لە یەکەم وێستگەی دیدارەکاندا له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شياع سوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى فيدراڵ كۆ بووه‌وه.

ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بوو لە سەر بنەمای دەستوور.