دوای 18 ڕۆژ لە گەڕان تەرمی منداڵێکی شارەدێی زوممار لە نزیک ڕووباری دیجلە دۆزرایەوە
K24 – شنگال:
دوای زیاتر لە 18 ڕۆژ لە گەڕان بەدوای تەرمی منداڵێکی 14 مانگ، لە نزیک ڕووباری دیجلە لە سنووری شارەدێی زوممار دۆزرایەوە.
پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، دوای زیاتر 18 ڕۆژ لە گەڕانی تیمەکان و کەسوکار و هاووڵاتییانی ناوچەکانی نزیک ڕووباری دیجلە لە سنووری شارەدێی زوممار، تەرمی منداڵێک لە گوندی چەم باهیڤ دۆزرایەوە.
منداڵەکە ناوی ئەلیاس یوسفە، ڕۆژی شەممە (18ـی ئایاری 2024) لەگەڵ کچێکی تەمەن 18 ساڵ لە گوندی جەخری سنووری شارەدێی زوممار لە ڕووباری دیجلە خنکان.
بەگوێرەی زانیاری هاووڵاتییانی ناوچەکە، دوای ئەوەی منداڵەکە کەوتۆتە ئاوەوە، کچە گەنجەکە هەوڵی ڕزگارکردنی داوە و سەرکەوتوونەبووە و خۆشی لەگەڵ منداڵەکە، هەردووکیان پێکەوە خنکاون.