ترەمپ: دادگاییکردنی من بەتەواوی نایاساییە و سیاسییە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

دوای ئاراستەکردنی 34 تۆمەت لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکان لە نیویۆرک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: دادگاییکردنی من بەتەواوی نایاساییەو، سیاسییە، هەوڵێکە بۆ ئەوەی من خۆم کاندید نەکەم لەهەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

ئەمڕۆ هەینی (31ـی ئایاری 2024) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون گوتی: دادگاییکردنەکەم دادپەروەرانە نییە و دادوەر بێلایەن نییە، دادوەر لە پیلانگێڕییەکە تێوەگلاوە، من پارەم بەچەند کەسێک داوە بەپێی رێککەوتنێک کە ئاشکرای نەکەن، ئەم بابەتەش بەتەواوی یاساییە و هیچ تاوانێک لەوەدا نییە.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ڕاگەیاند، دادگا رێگەی نەدا یەکێک لە شایتەحاڵەکان شایەدی بدات، ئەم بابەتە سیاسییە نەک یاسایی، دادوەری دادگاییکردنەم هەڕەشەی لەهەریەک لە تۆمەتباران کردووە بە 15 ساڵ زیندانی ئەگەر تۆمەتەکان ساغ ببنەوە داوای پێداچوونەوە لە دۆسیەکەم دەکەم و دادوەریش کەسێکی ستەمکارە.

ناوبراو باسی لەوە کرد، ڕاپرسییەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە من لەپێشەوەی بایدنم هەربۆیە هەموو ڕێوشوێنێک گیرایەبەر بۆ ئەوەی نەگەم بە کێبڕکێکانی هەڵبژاردن، دادگاییکردنی من نایاساییە و سیاسییە ئامانج لێی ئەوە من جارێکی دیکە خۆم کاندید نەکەمەوە.

ترەمپ، دەڵیت: ئێمە لە دەوڵەتێکی شۆڤێنیدا دەژین و ئەمەریکا لەسەردەمی سەرۆکێکی شۆڤێنیدایە، لەدوای دەرچوونی بڕیاری تۆمەتبارکردنم  پێگەی جەماوەریم بەرێژەی 6% زیادیکردووە هەر بۆیە ئەم بابەتە وەکوو دۆسییەک بۆ رێگریکردنم لە هەڵبژاردن بەکارهێندراوە.

دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە بووە یەکەم سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کە تا ئێستا بە تاوانێک سزا درابێت، دوای ئەوەی دەستەی سوێندخۆرانی نیویۆرک بە هەموو تۆمەتەکانی دۆسیەی بەرتیلەکەیدا تاوانباریان کرد، ئەمەش چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنێک کە دەرفەتێکە بۆ دۆناڵد ترامپ بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.

دەستەی سوێندخۆران بە هەریەکێک لە 34 تۆمەتی ساختەکردنی تۆمارەکانی بازرگانی بۆ شاردنەوەی پارەیەک کە مەبەست لێی بێدەنگکردنی ئەستێرەی پۆرن ستۆرمی دانیێڵز بوو، تاوانباریان کرد. لە ڕووی تیۆریەوە دەکرێت بۆ هەر تۆمەتێک سزای چوار ساڵ زیندانی بدرێتە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەڵام ئەگەری زیاتری هەیە کە سزای ئازادی یان بەربوونی بەمەرج وەربگرێت.

کۆماریخوازە تەمەن 77 ساڵەکە کە بەبێ کەفالەت ئازادکرا، ئێستا تاوانبارە – ئەمەش رووداوێکی سەرسوورهێنەرە و بۆ یەکەمینجاریشە لە مێژووی وڵاتێک وەک ئەمەریکا، کە زۆرجار سەرۆکەکان وەک بەهێزترین پیاوی جیهان وەسف دەکرێن، رووداوێکی هاوشێوەی ئەمە ڕووبدات.

Fly Erbil Advertisment