فڕۆكەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە قامشلۆ باڵەخانەیەكی كردە ئامانج

قامشلۆ
قامشلۆ

K24 – هەولێر:

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە گوندێکی قامشلۆ باڵەخانەیەکی کردە ئامانج و بەمهۆیەوە چەند کەسێک بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا باڵەخانەیەکی لە گوندی حاتمییە لەسەر ڕێگای قامشلۆ- عامودا کردە ئامانج.

بەپێی هەمان سەرچاوە، دوای چەند خولەکێک، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی تورکیا تیمی مانگی سووری کوردی لە نزیک بینای بەربەستکراو کردوەتە ئامانج. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ژمارەیەک بریندار هەن.

هەر ئەمڕۆ تورکیا بنکەیەکی سەربازیی هەسەدەی لە گوندی تلحەمیس کردە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران.

ناوەندی پەیوەندییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا خاڵێکی سەربازی و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی گواستنەوەی بریندارانی هەسەدە لە گوندی تلحەمیس لە باشووری شاری حەسەكەی کردوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 2 ئەندامی هەسەدە کوژراون.

ئەمە لەكاتێكدایە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا 76 جار ناوچەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری كردووەتە ئامانج.

Fly Erbil Advertisment