ئۆزگور ئۆزەل: ئەگەر جەهەپە نەگەیەنمە دەسەڵات واز لە سیاسەت دەهێنم

ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە
ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە

K24 – هەولێر:

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە دیمانەیەکی تایبەتدا ڕایگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئاییندە نەتوانێت پارتەکەی بگەیەنێتە دەسەڵات، ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردن دەست لەکار دەکێشێتەوە و واز لە سیاسەت دەهێنێت.

ئۆزەل لەبارەی کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار گوتی، هیچ ئامانجێکی نییە بۆ کاندیدبوون، ئەو تەنیا دەیەوێت کەسێک ببێتە سەرۆککۆمار کە سەر بە پارتەکەی بێت. قسەکانی ئۆزەل دوای ئەوە دێت، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵ جەهەپە توانی دوای 50 ساڵ ببێ بە یەکەم پارتی تورکیا و پێش ئاکپارتی بکەوێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆمپانیای مێترۆپۆڵ ڕاپرسییەکی کردووە لەبارەی بۆچوونی خەڵک لەسەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە). لە ئەنجامی ڕاپرسییەکەدا لە 55.7%ـی خەڵک ناڕازین لە ئەدای ئەردۆغان، لەبەرامبەردا لە 39.6%ـیان بۆچوونەکانیان لەگەڵ مانەوەی ئەردۆغانە.

لەلایەکی دیکەوە، ئۆزگور ئۆزەل بەتایبەتی دوای هەڵبژاردن نێوبانگیی زیاتربووە و بەگوێرەی ڕاپرسییەکە، لە 54.9%ـی خەڵک لە ئۆزەل ڕازین و لە 33.6% ناڕازین.

لە (5ـی تشرینی دووەمی 2023) له‌میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، نوێنه‌رانی كۆنگره‌ ده‌نگیان به‌ ئۆزگور ئۆزەلی ته‌مه‌ن 49 ساڵ له‌ بری كه‌مال كڵچدارئۆغڵو دا، ناوبراو پزیشكی ده‌رمانسازییه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو، سه‌رۆكی شاره‌وانی ئیستانبوڵەوە پشتگیری دەکرا.

 

Fly Erbil Advertisment