بایدن: ئیسرائیل ڕەشنووسێکی نوێی بۆ ئاگربەست لە غەززە خستووەتە بەردەم حەماس

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: AFP)
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: AFP)

سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، ئیسرائیل ڕەشنووسێکی نوێی بۆ ئاگربەست لە غەززە خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی حەماس، کە لە سێ قۆناغ پێک هاتووە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕەشنووسەکەی ئیسرائیل ئازادکردنی بەشێک لە بارمتەکان و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە قەرەباڵغەکانی غەززە لەخۆ دەگرێت.

باسی لەوەش کرد، دوای هەوڵە دیپلپۆماسییە بەردەوامەکانمان، ئیسرائیل ڕەشنووسێکی نوێی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ، ڕەشنووسەکە لە لایەن قەتەرەوە گەیەندراوەتە حەماس.

سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، ڕەشنووسەکە لە سێ قۆناغ پێک هاتووە، کە قۆناغی یەکەمیان شەش هەفتەیە و بریتییە لە ڕاگرتنی تەواوەتی شەڕ، هەروەها کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی زۆری سڤیلی لیێیە، ئەوە لەگەڵ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە.

بایدن دەشڵێت: "دواتر گفتوگۆ دەربارەی قۆناغی دووەم و سێیەم دەکەین کە بریتییە لە ڕاگرتنی هەمیەشەیی شەڕ".

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.