هاووڵاتییانی کورد: هیوادارین بەم بەسەرژمێرییە کوردستانیبوونی کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە

ئامادەكارییەكانی سەرژمێری گشتیی لە عێراق دەستیان پێ كردووە و وەک ئامادەکارییەکی پێشوەختە لە کەرکووک سەرژمێری ئەزموونیی بۆ سێ گەڕەكی پێکهاتەکانی شارەکە دەکرێت.

دوای 26 ساڵ، ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێریی گشتیی لە عێراق دەکرێت، سەرەتا بۆ دوو هەفتە بەشێوەیەکی ئەزموونی بەڕێوەدەچێت و مانگی 11ی ئەمساڵیش بەشێوەی کردەیی پرۆسەکە دەبێت، لەکەرکووک سێ گەڕەکی کوردی عەرەبی تورکمانی بۆئەومەبەستە دەستنیشان کراون .

لەبارەی پرۆسەی ئەزموونییەکە، محەممەد ئایدن بەڕێوەبەری ئاماری کەرکووک بۆ کوردستان24 گوتی: گەڕەکەکانی گورگەچاڵ، بیگلەر و عەدەن لە 14 ڕۆژدا بە شێوەیەکی تاقیکاریی سەرژمێریی دەکەین، 50 توێژەرمان هەیە کارەکان دەکەن، سەرەتا ژمارەکردنی شوێنی نیشتەجێ دەکرێت و دواتر فۆرمی سەرژمێریی خێزانەکان پڕ دەکرێتەوە و تەواوی فۆرم و پرۆسەکە بە ئەلیکترۆنی دەبێت.

لەڕیگای سەرژمێرییەوە، زانیاری پێویست لەسەر کۆی دانیشتووان سەبارەت بە ڕەگەز، تەمەن، ئایین، دۆخی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی  خێزان کۆدەکرێتەوە. سەرژمێریی، جگە لە سوودە گشتییەکەی، بۆ کەرکووک و ناوچەکانی ماددەی سەدوچل سەرژمێرییەکە جیاوازترە و ڕەهەندی سیاسی و یاسایشی هەیە.

هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی کەرکووک پرۆسەکە بە دەستپێکی قۆناغێکی چارەنووسساز دەزانن و یەکێک، هاووڵاتییەک دەڵێت: بە سەرژمێری تاک بە تاکی کورد، هیوادارین چارەنووسی کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە، چونکە ئێستا ژمارەی کورد لە شارەکە زۆرە و تەواو خۆمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکووک یەکلایی بکەینەوە.

هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێ: ئەم سەرژمێرییە قەبارەی پێکهاتەکان و چارەنووسیان یەکلایی دەکرێتەوە و ئەمەش هەنگاوێکی باشە.

لە زۆربەی وڵاتاندا هەر 10 ساڵ جارێک سەرژمێری دەکرێت، بەڵام لە عێراق تاوەکوو ئێستا هەشت جار سەرژمێری دانیشتووان کراوە و دواجار لە ساڵی 1997 بوو، کۆی دانیشتووانیی عێراق نزیکەی 20 ملیۆن کەس دیاری کرابوو، بەڵام ئێستا بە گوێرەی داتا نا فەرمییەکان ژمارەی دانیشتووانی گەیشتووەتە زیاتر لە 42 ملیۆن کەس .

سەرژمێریی، یەکێکە لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کەرکووک و ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەنجامی پرۆسەکەش دەکرێتە بنەمایەک بۆ بڕیاردان هەربۆیە سەرژمێریی بۆ کەرکووک گرنگ و پڕبایەخە.

Fly Erbil Advertisment