دادگایی کردنی دەمیرتاش بۆ کۆتایی ئەمساڵ دواخرا

دادگاییکردنی سەلاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بە تۆمەتی سووکایەتیی بە ئەردۆغان بەهۆی کەموکوڕیی لە بەڵگەنامەکان و کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست بۆ کۆتایی ئەمساڵ دواخست.
بڕیاربوو دوێنێ هەینی دانیشتنی دادگایی کردنی دەمیرتاش لە دادگای تاوانەکانی مێرسین بەڕێوە بچێت، بەڵام دادگا داواکارییەکەی سەلاحەددین دەمیرتاشی پەسەند کرد بۆ گوێگرتن و بەهۆی کەموکوڕی لەو بەڵگانەی لەسەر کەیسەکە بۆ دادگایی کردن پێشکەشی کرابوون، دادگای مێرسین بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی بۆ 6ی کانوونی یەکەمی 2024 دواخست و بە لایەنی داواکاریشی ڕاگەیاندووە تاوەکوو کاتی دانیشتنی دادگاکە کەموکوڕییەکان چاک بکاتەوە.
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە 4ی تشرینی دووەمی 2016 ـەوە لە زیندانی باڵای ئاسایشی تورکیا بەهۆی چەند کەسێکی سیاسییەوە زیندانی کراوە.
دوێنێ هەینی، پارێزەرانی دەمیرتاش و عەلی بۆزان پەرلەمانتاری دەم پارتی لە هۆبەی یەکەم لە دادگای 14ی مێرسین ئامادەی دانیشتنەکە بوون کە تایبەت بوو بە دادگایی کردنی دەمیرتاش لە سەر دۆسیەی سووکاتیی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا.
نووسینگەکانی داواکاری گشتیی لە هەر یەک لە دیاربەکر، مێردین، ئەنقەرە و مێرسین بەڵگەنامەکانیان کۆکردووەتەوە سکاڵایان لە دژی سەلاحەدین دەمیرتاش جوڵاندووە کە لە گرتووخانەی ئەدرنە زیندانییە، گوایە لە ساڵانی 2015 تا 2017 لە کاتی وتاردانەکانیدا لە دیاربەکر، ماردین، ئەنقەرە و مێرسین سووکایەتیی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغا سەرۆککۆمار و ئەحمەد داوودئۆغڵو سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی تورکیا کردووە و تۆمەتباری کردوون بەوەی هاوکاریی ڕێکخراوی داعش دەکەن.
لە سەر سووکاتی بە ئەردۆغان بە گوێرەی ماددەی 301 لە یاسای سزادانی تورکیا 10 سکاڵا لە دژی دەمیرتاش تۆمار کراوە، یەکەم دانیشتنی کەیسەکە لە 5ی کانوونی یەکەمی 2023 لە بەشی یەکی دادگای 14ی مێرسین بەڕێوە چووە.