تورکیا ڕەتی دەکاتەوە ناتۆ بەشداریی شەڕی ئۆکرانیا بکات

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕەتی دەکاتەوە هاوپەیمانی ناتۆ بەشداری لە شەڕی ئۆکرانیا بکات، ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەکی نافەرمیی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە پراگ.

هاکان فیدان، وەزیری تورکیا گوتی: پشتیوانی بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و توانای ئۆکرانیا بۆ دەستەبەرکردنی خۆپاراستن دەکەین، بەڵام نامانەوێت ناتۆ بەشداریی لەم شەڕەدا بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ ئەنقەرە پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا بۆ دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاکەکەی و ئازادکردنی خاکەکانی شتێکە، تێوەگلانی ناتۆش لە شەڕەکەدا شتێکی دیکەیە"، هۆشداریشی دا لە مەترسی فراوانبوونی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەیی و سەرهەڵدانی قەیرانی گەورە لە ئۆکرانیا.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، واشنتۆن گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆکرانیا پێکرد، بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەمەریکا لە بەرگریی لە ناوچەی خارکێڤ سەر سنووری ڕووسیا، هەروەها مەترسی هەیە ناتۆ ڕاستەوخۆ پەلکێشی ناو ململانێکان بکرێت لەگەڵ ڕووسیا.

لای خۆیەوە سەرۆکایەتیی ڕوسیا دووپاتی کردەوە کە پێشتر هێزەکانی ئۆکرانیا بە چەکی ئەمەریکی لە ڕووسیایان داوە.

دوای بڕیارەکەی ئەمەریکا، گوتەبێژی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، بەرلین مۆڵەتی بە ئۆکرانیا داوە کە ئەو چەکانە بەکار بهێنێت کە لەلایەن ئەڵمانیاوە دابین کراون بۆ لێدانی ئامانجەکانی ناو ڕووسیا.

Fly Erbil Advertisment