لە ئەفغانستان 20 کەس خنکان
بەرپرسێکی خۆجێیی ئەفغانستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە بەلەمێک لە ڕووبارێکی ویلایەتی نەنگەرهار لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان نوقم بووە، بەوهۆیەوە 20 کەس خنکاون کە منداڵیشیان تێدایە.
بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ناوخۆییەکان، قوڕەیشی بەدلون، لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "بەلەمێک کە ئافرەت و منداڵی هەڵگرتبوو، نزیکەی کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە ڕووبارێکدا لە ناوچەی پاسۆڵدا نوقم بوو".
ڕوونیشی کردەوە، پێنج کەس لە ڕووداوەکە ڕزگاریان بووە، کە تا ئێستاش هۆکانی نقوم بوونی ئەو بەلەمە دیار نییە.
ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا تیمەکانی فریاگوزاری پێنج تەرمیان دەرهێناوە و گەڕانیش بەدوای قوربانیانی دیکەدا بەردەوامە.
بەپێی مێدیا ناوخۆییەکان، دانیشتوانی ئەم ناوچەیە زۆرجار بۆ پەڕینەوە لە ڕووبارەکەدا بەلەم بەکار دەهێنن، ئەگەر دۆخەکە گونجاویش نەبێت، چونکە هیچ پردێکی لێ نییە.