هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە چەند ناوچەی تورکیا دووبارە دەکرێتەوە

سبەی لە سێ قەزا و چوار شارۆچکەی تورکیا و باکووری کوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان دووبارە دەکرێتەوە و دەنگدەران دەچنەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای لێکۆڵینەوەی لەو سکاڵایانەی لە دژی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تۆمار کرابوون، بڕیاری دا هەڵبژاردن لە هەندێک قەزا، شارۆچکە و گەڕەکەکان دووبارە بکرێتەوە.
بڕیارە سبەی دەنگدەران لە هەرسێ قەزای پنارباشیی پارێزگای قەیسەری، حیلوانی سەر بە پاریزگای ڕوحای باکووری کوردستان و گوزەلیورتی سەر بە پارێزگای ئاکسارای تورکیا، هەروەها لە شارۆچکەکانی گونەیکایای سیڤاس، ساغلکی ئاکسارای، بویوککاڕشتترانی کڕکلارەلیی تورکیا و شارۆچکەی ئاکپازاری سەر بە دێرسیمی باکووری کوردستان، لە کاتژمێر 08.00-17.00 بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. هاوکات لە 212 گەڕەکدا موختاری گەڕەک هەڵدەبژێردێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 31-03-2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستی پێ کرد؛ تەواوی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و بە گوێرەی ئەنجامەکان، جەهەپە پلەی یەکەمی گرت، پێش ئاکپارتی کەوت و سەدا 37.76ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.
لە کۆی 30 گەورەشارەوانیی تورکیا و باکووری کوردستان، جەهەپە 14 گەورەشارەوانیی بەدەست هێنا و بە دوو گەورەشارەوانیی زیاتر پێش پارتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کەوت کە ئاک پارتییە. لە هەردوو گەورە شارەوانیی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ، کاندیدانی جەهەپە لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتن و سەرۆک شارەوانییەکانیان مسۆگەر کرد.
هەرچی پەیوەستە بە پارتە کوردییەکانیش؛ دەم پارتی لە 10 شاری باکووری کوردستان پێشەنگ بوو؛ شارەکانیش ئەمانەن: ئیدیر، ئامەد، وان، سێرت، مێردین، دێرسم، ئێلیهـ، مووش، جۆلەمێرگ و ئاگری.