سبەی بڕیار لەسەر کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح دەدرێت
بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، لە قاهیرە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی لە نێوان میسر، ئەمەریکا و ئیسرائیل لە بارەی کردنەوەی دەروازەی سنووری ڕەفەح بکرێت، کە میسر و کەرتی غەززە بەکەوە دەبەستێتەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکوومەتی میسر ئاشکرای کردووە، میسر بە هەموو لایەنەکانی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل دەبێت بەرپرسیارێتی لێکەوتە نەرێنییەکانی دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە لە ئەستۆ بگرێت بەهۆی داخرانی دەروازەی ڕەفەح، هەر بۆیە بڕیارە لە قاهیرە هەرسێ لایەنی میسر، ئەمەریکا و ئیسرائیل لەبارەی کردنەوەی دەروازەکە کۆببنەوە، ئەگەر هەیە دوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو دەروازەیە بەرپرسیارێتی تەواو بخرێتە ئەستۆی حکوومەتی میسر.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، میسر تەواوی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە سۆنگەی پرۆژەکەی بایدن بتوانن ئاگربەستی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕابگەیەنرێت.
7ی ئایاری ڕابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دەروازەی سنووری ڕەفەح و بە تەواوی کۆنترۆڵی دەروازەکەی کرد، حکوومەتی میسریش وەک هەڵوێست وەرگرتن تەواوی جووڵەکانی لە دەروازەکە ڕاگرت و دەرگای داخست.