حەیدەر قوڕەیشی: دۆخی منداڵان لە عێراق خراپە

K24 – هەولێر:
سەرۆکی ڕێکخراوی داهاتووی منداڵان، ئاماژە بەوە دەکات، بارودۆخی منداڵان لە عێراق لە خوار ئاستی پێویستدایە و بە گشتی زۆر خراپە، هەروەها چارەسەریش لە عێراق لە خوار ئاستی چاوەڕوانییەکاندایە.
حەیدەر قوڕەیشی، سەرۆکی ڕێکخراوی داهاتووی منداڵان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: ژمارەیەک گرووپ مافیا هەن لە عێراق، کە کار بە منداڵان دەکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، بارودۆخی منداڵان لە عێراق لە خوار ئاستی پێویستدایە و بە گشتی زۆر خراپە، هەروەها چارەسەریش لە عێراق لە خوارەوەی ئاستی چاوەڕوانییەکاندایە.
لەبارەی پاراستنی مافی منداڵ و ڕێگریکردن لە کارکردنیان، سەرۆکی ڕێکخراوی داهاتووی منداڵان، دەڵێت: ئێمە دەبێت یاسای پاراستنی منداڵانمان هەبێت، کە ئێستە لە پەرلەمان پەکخراوە، ماوەی دوو ساڵە یاساکە دەنگی پێنەدراوە و پەسەند نەکراوە.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، زۆرن ئەو یاسایانەی چ لەسەر ئاستی عێراق چ لەسەر ئاستی جیهان کە زامنی پاراستنی مافی منداڵان دەکەن، تەنانەت لە یاسای ئیسلامیشدا مافی منداڵان دەستەبەر کراوە، بەڵام تا ئێستە جێبەجێ نەکراون.