گۆڤەند شێروانی: عێراق زیانمەندی یەکەمی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بووە

K24 – هەولێر:
پسپۆرێکی وزە، دەڵێت: چەندین لایەنی سیاسی لە نێو حکوومەتی عێراق نایانەوێت کێشەی هەناردەی نەوت چارە بکرێت و نایەنەوێت خودی حکوومەتی سوودانی سەرکەوتوو بێت.
گۆڤەند شێروانی، پسپۆری وزە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕاگرتنی نەوت بۆ ئەو ماوە درێژە زیانی بۆ هەموو لایەک هەبووە، بە تایبەتی عێراق کە نزیکەی 14 ملیار دۆلار زیانی کردووە، هەروەها عێراق لە بودجەدا کورتهێنانی هەیە ئەگەر بهاتبووایە نەوت هەناردە بکرابووایە و داهاتەکانی بگەڕابووایەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئەوە کورتهێنانەی بودجە چارە دەکرا.
ئەو پسپۆرەی وزە ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام عێراق بەهۆی گرێبەستەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان تا ئێستا ئەو پرۆسەیەی ڕاگرتووە.
هاوکات دەڵێت: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەردەم جەخی لەوە کردووەتەوە کە ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام کێشەکە لە یاسای بودجەی فیدراڵ هەیە کە بڕێکی کەم تەرخانکراوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
گۆڤەند شێروانی، جەختی کردەوە، دەبێت لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا کێشەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان چارە بکرێت بۆ ئەوەی کۆمپانییەکان دەست بکەنەوە بە کارەکانیان.
باسی لەوە کرد، چەندین لایەنی سیاسی لە نێو حکوومەتی عێراق نایانەوێت کێشەی هەناردەی نەوت چارە بکرێت و نایەنەوێت خودی حکوومەتی سوودانیش سەرکەوتوو بێت.
گۆڤەند شێروانی، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، خودی سوودانی جددییە لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکان، چونکە دەبێتە دەستکەوتێک بۆی بۆ ئەوەی دووبارە لە داهاتوو پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە.