کۆریای باکوور نزیکەی 600 باڵۆن زبڵ و خاشاکی بۆ کۆریای باشوور ڕەوانە کردووە

سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند، کۆریای باکوور نزیکەی 600 باڵۆن بە زبڵ و خاشاکەوە ڕەوانەی وڵاتەکەی کردووە.
سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، نزیکەی 600 باڵۆنیان دۆزیوەتەوە کە هێڵی سنووردارکردنی سەربازیی جیاکردنەوەی هەردوو کۆریاکەیان بڕیوە، لە پارێزگای گیۆنگی دەوروبەری سیئۆل نیشتوونەتەوە.
بەپێی گوتەی سەرۆک ئەرکانی هاوبەش، "باڵۆنەکە زبڵ و خاشاکی جۆراوجۆریان هەڵگرتبوو، وەکو پاشماوەی جگەرە و کاغەز و کیسەی نایلۆن".
کۆریای باکوور لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی 260 باڵۆن کە زبڵ و خاشاکی هەڵگرتبوو بۆ باشووری ڕەوانە کردووە، ئەمەش لە وەڵامی ئەو بڵاوکراوە دژە پیۆنگیانگە کە لەلایەن چالاکوانانی باشوورەوە نێردرابوو.
سەرۆک ئەرکانی هاوبەش ئامۆژگاری خەڵکی دەکات دەست لەم باڵۆنانە نەدەن و بەرپرسانی سەربازی یان پۆلیسی نزیک لێی ئاگادار بکەنەوە.
دەسەڵاتدارانی سیئۆل ڕایانگەیاند، بە زووترین کات ناوەندێکی فریاگوزاری 24 کاتژمێری بۆ وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە شتانە بەڕێوە دەبەن.