کۆریای باشوور ئاستی هەناردەکردنی یۆرانیۆمی بۆ ئیمارات بەرز کردووەتەوە

سیستەمی ئاماری بازرگانیی نێودەوڵەتیی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، ئاستی هەناردەکردنی یۆرانیۆمی بۆ ئیمارات گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سیستەمی ئاماری بازرگانیی نێودەوڵەتیی کۆریای باشوور بڵاوی کردەوە، بەهای هەناردەی یۆرانیۆمی وڵات بۆ ئیمارات لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە 305 ملیۆن دۆلار، کە بەرزترین ژمارەیە تا ئێستا.

کۆریای باشوور براوەی پرۆژەی "وێستگەی ئەتۆمی بەراکە بۆ وزەی ئەتۆمی"بوو، کە ئامانج لێی  دروستکردنی چوار وێستگەی ئەتۆمی بوو لە ئیمارات، هاوکات یەکەم پرۆژەی ئەتۆمی کۆریای باشوورە لە دەرەوەی وڵات.

ئەو یۆرانیۆمەی کۆریا هەناردەی ئیماراتی دەکات لە وێستگەی بەراکەدا بەکاردێت.

کوورەی یەکەم و دووەم و سێیەمی وێستگەی بەراکە لە مانگی نیسانی 2021 و ئاداری 2022 و شوباتی 2023 دەستیان بە کارکردن کردووە و لە ئێستادا وزەی کارەبا دابین دەکەن و بڕیارە کوورەی چوارەم لە ساڵی 2024 دەست بە کارکردن بکات.

بەهای هەناردەکردنی یۆرانیۆم لە 42 ملیۆن دۆلارەوە لە ساڵی 2016، کە کارەکانی بیناسازی بۆ کارگەی بەراکە دەستی پێ کردبوو، بۆ 305 ملیۆن دۆلار لە ساڵی ڕابردوودا بەرز بووەوە، ئەمەش بووە سێیەم گەورەترین بەرهەمی هەناردەکردن بۆ ئیمارات لە ساڵی ڕابردوودا، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێل بەبەهای 483 ملیۆن دۆلار و پارچەی ئۆتۆمبێلیش بە بەهای 351 دۆلار هەناردە کراوە.

ئیمارات یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو کە ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ کۆریای باشوور ئیمزا بکات.

Fly Erbil Advertisment