چیلی سکاڵا دژی ئیسرائیل تۆمار دەکات

دوای باشووری ئەفریقا، چیلی بڕیاری دا لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی سکاڵا دژی ئیسرائیل تۆمار بکات.

گاربیال بۆریچ، سەرۆکی چیلی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بڕیاری داوە پەیوەندی بە ئەفریقای باشوورەوە بکات، بۆ تۆمارکردنی سکاڵای دژی ئیسرائیل لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی ئیسرائیل لە کۆمەڵکوژی و برسیکردنی خەڵکی غەززە.

سەرۆکی چیلی لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا ئاماژەی بەوەش دا، سکاڵاکەیان لە دژی ئیسرائیل لەچوارچێوەی بنەماکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیییە، ئیسرائیلیشی بە ڕشتنی خوێنی دەیان هەزار کەسی بێتاوان تۆمەتبار کرد.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەفریقای باشوور لە کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی سکاڵای دژی ئیسرائیل تۆمار کرد، دادگەش بڕیاریدا، پێویستە ئیسرائیل خۆی لە هێرشکردنە سەر شوێنە گشتییەکان و کوشتنی خەڵکی بێتاوان بپارێزێت.

دوێنێ شەممە، ناڵێدی باندۆر وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوە و هەماهەنگیی ئەفریقای باشوور ڕایگەیاند، دوای ئیسرائیل نۆرەی ئەمەریکایە لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی سکاڵای لە دژ تۆمار بکەن، لەبەر ناردنی هاوکاریی دارایی و سەربازیی بۆ تەلئەڤیڤ.

وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوە و هەماهەنگیی باشووری ئەفریقا ڕاشیگەیاند: ئیسرائیل بەبێ هاوکارییەکانی ئەمەریکا ناتوانێت درێژە بە داگیرکاریی و کوشتارەکانی لە غەززە بدات، هەربۆیە دوای سکاڵاکردن لە دژی ئیسرائیل لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی، جاری داهاتوو نۆرەی ئەمەریکایە سکاڵای لە دژ تۆمار بکەین.