هاووڵاتییەکی بەغدا: منداڵان لە وڵاتانەوە بۆ سواڵکردن دەهێندرێنە عێراق

دیاردەی سواڵکردنی منداڵان لە بەغدا زیادی کردووە و چالاکوانان هۆشداریی لە بەکار‌هێنانی ئەو منداڵانە لە لایەن باندەکانەوە دەدەن. هاووڵاتییەکیش دەڵێت، "منداڵان بۆ سواڵکردن بە پاس دەهێنرێن و عێراق وەکوو ئەسیووبیا و پاکستانی لێ هاتووە".

لە نێو شەقام و کۆڵانەکانی بەغدا، دەیان منداڵ خەریکی سواڵکردنن. دیاردەی سواڵکردن لە مزگەوتەکان و لە ڕێگەی سڕینەوەی جامی ئۆتۆمبێلەکان لە زیادبووندایە. خەڵکی بە‌غداش سواڵکردنی منداڵان بە کارەسات ناودەبەن و دەڵێن، زۆربەیان لە ژێر دەستی باندەکان ئەم کارە دەکەن.

هاووڵاتییەکی بەغدا دەڵێت، "خانەوادەکان منداڵەکانیان بە کرێ دەدەنە باندەکان بۆ ئەوەی لە چەند شوێنێکی دیاریکراو سواڵیان بۆ بکەن و لە بەرانبەردا پارەیان لێ وەردەگرن، بۆ نموونە منداڵێک لە :009ـی بەیانی تا 6:00ی ئێوارە سواڵ دەکات، ڕەنگە لە بەرانبەردا 150 هەزار دینار وەربگرن".

هاووڵاتییەکی دیکەش باس لەوە دەکات، "پاسێک دێت و لێرە 10 منداڵ دادەبەزێنێت بۆ ئەوەی سواڵ بکەن، دیمەنێکی تا بڵێی ناشارستانییە، کەسێک لە وڵاتێکی دیکەوە بێت وا دەزانێت هاتووەتە ئەسیووبیا، بەڕاستی پاکستانیش وەکوو عێراق نییە".

چالاکوان و شارەزایانی یاسایی، هۆی ئەم دیاردەیە بۆ سرووشتی ماددەی یاسایی تایبەت بە سواڵکردن دەگەڕێننەوە، ترسی خۆیان بەرانبەر بەو باندانە دەدەبڕن کە لە پشت ئەو دیاردەن.

ئیسرا خەفاجی، چالاکوانە و ڕایدەگەیەنێت، "دیاردەی سواڵکردن لەنێو منداڵاندا زۆر بووە، ژنانیش لەم دیاردەیەی بێبەش نین، ڕاستە یاسایی عێراقی ئەم کارەی بە تاوان داناوە، بەڵام یاساکە وا لە منداڵانی سواڵکەر دەڕوانێت کە کەسانی بێماڵ بن، بەهەمان شێوە یاسای چاودێریی منداڵان بۆ ساڵی 1983، سزای بۆ ئەو کەسانە داناوە کە هانی سواڵکردن دەدەن، ڕەنگە سزای تووندیش بیانگرێتەوە و بگاتە ساڵێک بەندکردن".

وێڕای زۆربوونی دیاردەی سواڵکردنی منداڵان لە عێراقدا، ئاماری ناوەندی ستراتیجیی مافەکانی مرۆڤیش عێراقی لە دوای یەمەن، سوودان و میسر پلەی چوارەمی وڵاتان عەرەبی لە ڕووی کارکردنی منداڵانەوە گرتووە.

Fly Erbil Advertisment