ئاهەنگی شەشەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک دەستیپێکرد

K24 – هەولێر:
ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بەڕێوە دەچێت و لەم خولەی دەرچوواندا، بڕوانامە بە 68 قوتابی زانکۆکە دەدرێت، کە زۆرینەیان کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش و زیندانیانی سیاسین و بێ بەرامبەر لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک خوێندنیان بە سەرکەوتوویی تەواوکردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێنەی یادگاری لەگەڵ دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک و ستافی ئەکادیمی گرت و لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردن.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە میوانانی ئامادەبووی ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، کە جگە لە کەسوکاری دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆکە، دەیان میوانی بیانی و ناوخۆیی ئامادەی ئاهەنگەکەن.
بۆ بینینی مەڕاسیمی ئاهەنگەکە ئێرە کلیک بکە.
پێشتریش هەڵمەت کوێستەیی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەم خولەی دەرچووندا، بڕوانامە بە 68 قوتابیی کۆلێژەکانی ئەندازیاری، کارسازی، زانست و هونەر و خوێندنە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت و ئاماژەی بەوەشکرد: زۆرینەی ئەو قوتابییانەی لەم خولەدا دەردەچن، کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش و زیندانیانی سیاسین و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بوو بێ بەرامبەر، لەو زانکۆیە دەیان خوێند.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و تاوەکوو ئێستا شەش خولی دەرچووانی بڕوانامەیان وەرگرتووە و زیاتر لە 700 دەرچووی لە بەشە جیاوازەکاندا هەیە کە ئێستا بەشێکیان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان درێژە بەخوێندنی باڵا دەدەن.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک لە چوار کۆلێژ و 10 بەشی زانستی جیاواز پێکدێت، لەوانەش؛ بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا و پەیوەندییەکان، پەرستاری و ئەندازیاری. ئەم زانکۆیە، لە لایەن هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاستبەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.
زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک ئینگلیزییە و بە سیستمی "هونەری ئازاد" قوتابییانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزاییەکی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایهته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.