سوپاسالاری عێراق: ناچینە واشنتن تاکو ئەرکی هاوپەیمانان کۆتایی پێ نەهێنین

سەرۆکی لێژنەی باڵای کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی ئاماژە بەوە دەکات، ناچنە واشنتن تاکو کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانان نەهێنن.
ئەمڕۆ یەکشەممە(2ـی حوزەیرانی 2024)، سەرۆکی لێژنەی باڵای کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، سوپاسالاری عێراق فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر یارەڵڵا لە دیمانەیەکی رۆژنامەوانی ڕایگەیاند، لێژنەی باڵا بەردەوامە لە کارەکانی بۆ دیاریکردنی ماوەیەکی دیاریکراو بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
یارەڵڵا دەڵێت، بڕیاری دیاریکردنی ماوەی کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان بەر لە وادەی کۆبوونەوەی لێژنەی دوولایەنە لە واشنت، دەشڵێت، لێژنەی دوو لایەنە دەچنە واشنتن بەمەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندیی دوولایەنەی عێراق و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
سوپاسالاری عێراق گوتی، هێزەکانی هاوپەیمانان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کۆتایی بە ئەرکەکانی بێنێت لە عێراق، دەشڵێت، ناچینە واشنتن تاوەکوو ئەرکی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کۆتایی پێ نێت.
لەمانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە لێژنەکانی سەربازیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی چەندین کۆبوونەوەیان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش، یان درێژکردنەوەی ئەرکەکانیان لەچوارچێوەی هەماهەنگی ئەمنی ئەنجامداوە.
لەوبارەیەوە یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەدوایین لێدوانیدا ڕایگەیاندووە، لیژنەکانی ڕاسپێردراو چوارەم کۆبوونەوەی خۆیان کردووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ مەترسییەکانی داعش کردووە.
بەگوتەی یەحیا ڕەسووڵ، لێژنەکان جەخت لەسەر کۆتایهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەنەوە، هاوکات ڕاشیدەگەیەنێت، گفتوگۆکان و هەڵسەنگاندنەکان بەردەوام دەبن بۆ دیاریکردنی وادەی وەرچەرخان بۆ پەیوەندی هاوبەشی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان.