لە ڕووخانی باڵەخانەیەک لە ئیستەنبوڵ کەسێک مرد و هەشتی دیکەش برینداربوون

باڵەخانە ڕووخاوەکەی ئیستەنبوڵ
باڵەخانە ڕووخاوەکەی ئیستەنبوڵ

کەسێک مرد و هەشتی دیکەش برینداربوون، دوو لە بریندارەکان بارودۆخیان ناجێگیرە، بەهۆی ڕووخانی باڵەخانەیەک لە ئیستەنبوڵ.

رۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024)، لە ئەنجامی ڕووخانی باڵەخانەیەک لە ئیستەنبوڵ، کەسێک مرد و هەشتی دیکەش برینداربوون کە دوو لە بریندارەکان بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

میدیاکانی تورکیا ڤیدیۆی ساتی ڕووخانی باڵەخانەکەیان بڵاو کردوەتەوە کە لە سێ نهۆم پێکهاتووە، کەوتۆتە ناوچەی کۆتشوک شکمجە لە بەشی ئەوروپای شاری ئیستەنبوڵ، بەپێی زانیارییەکانیش نۆ کەس لەژێر دروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکە گیریان خوارد.

تیمەکانی فریاگوزاریی کە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، کەسێکیان بە مردوویی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکە دەرهێنا، هەشت کەسی دیکەشیان بە برینداریی دۆزیەوە و هەمووانیان گواستەوە نەخۆشخانە.

وەزیری ژینگە و پلانی بیناسازیی تورکیا محەمەد ئۆز حەسکی لە پێگەی خۆی لە ئێکس بڵاوی کردەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، باڵەخانەکە لە ساڵی 1988 بێ ڕەچاوکردنی هیچ پێوەرێک دروستکراوە، لەگەڵ ئەوەی خۆڵی دەریایان لەگەڵ چیمەنتۆ تێکەڵ کردووە بۆ دروستکردنی باڵەخانەکە.

بەهۆی ڕووخانی باڵەخانەکە چەند ئۆتۆمبێڵێک زیانیان بەرکەوتووە کە لەژێری وەستابوون، زیان بە بارهەڵگرێکیش کەوتووە کە لە کاتی ڕووداوەکە لە نزیک باڵەخانەکە ڕەت بووە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێ بکەوێتەوە.

ئیستەنبوڵ کەوتۆتە ناوچەی ئەردهەژین کە ئەگەری هەیە ئەردهەژینەکان بگەنە 7.6 پلەی ڕێکختەر، لە کاتێکدا هەزاران باڵەخانە لە مەترسیدان، چونکە هیچ یەکێک لەو باڵەخانانە مەرجی بیناسازییان تێدا نییە بەپێی قسەی شارەزایان.