پیتەر گاڵبرێت: دەبێت عێراق ڕێز لە دەستوور بگرێت

پیتەر گاڵبرێت، دیپلۆماتكاری پێشووی ئه‌مه‌ریكا
پیتەر گاڵبرێت، دیپلۆماتكاری پێشووی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هەولێر:

دیپلۆماتكارێکی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، دەڵێت: هەرێم کوردستان زۆر پێشکەوتووە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەمەریکا هەیە. لەبارەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم ناوبراو گوتی: ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری بە عێراق گەیاندووە. جەختی لەوەش کردەوە، بەرەوپێشچوونی باش لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە.

پیتەر گاڵبرێت، دیپلۆماتكاری پێشووی ئه‌مه‌ریكا، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا گوتی: من یەکێکم لەو کەسانەی بەرپرسیارێتیم هەیە لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، ئەوەی ئەو زانکۆیە پێشکەشی دەکات یەکێکە لە ستایلەکانی ئەمەریکیا لە بواری پەروەردەدا، واتە تەنیا قوتابییەکان یەک بابەت ناخوێنن بەڵکو چەین بابەتی جیاواز دەخوێنن.

ئەو دیپلۆماتكارەی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، دەڵێت: ئەوەی زانکۆکە پێشکەشی قوتابییان دەکات بریکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانەیە، ئەوەی کە قوتابییان پێویستییانە ئەوە نییە تەنیا لە بواری تەکنەلۆجیا بێت، بەڵکو دەبێت چەندین شارەزایی دیکەیەیان هەبێت، بەڵام ئێستا وڵات پێویستی بەو کەسانەیە کە دەزانن بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بیرۆکەی نوێدا.

ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی کە زانکۆکە لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەو فاکەڵتی و قوتابییانەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردووسا چەندین بەرەوپێشچوونی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە، چەندین فاکەڵتی زۆر باشمان لەنێو زانکۆیەکەدا هەیە.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەوەی زانکۆی ئەمەریکی  - کوردستان لە دهۆک پێشکەشی دەکات ئەوەیە بەشێک بێت لە سیستەمی خوێندنی باڵا و وابکات خەڵک رابهێنن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە حکوومەتدا بەشداربن و ئابووری وڵات بەڕێوەببەن.

پیتەر گاڵبرێت، باسی لە ریفراندۆمی سەرەبەخۆیی کوردستان کرد و گوتی: زیاتر لە سەدا 93ـی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستاندا و داوای ووڵاتێکی سەربەخۆیان کرد ، من بڕوام وایە رۆژێک لە ڕۆژان ئەمە هەر روودەدات و دەبێتە ڕاستی.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە راكێشا، زانکۆکە، زانکۆی ئەمەریکی کوردستانییە، چونکە ئەمە وادەکات سیستەمی پەروەدەی ئەمەریکی بۆ کوردستان بهێندرێت.

لەبارەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەو دیپلۆماتكارەی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، ئاشکرای کرد، خەڵکی کوردستان دەیانەوێت کوردستان سەربەخۆ بێت، لە ڕیفراندۆم حەوت ساڵ لەمەوبەر دەنگیان بۆ ئەمە دا، هەرێمی کوردستان یەکێکە لە سەرکەتووترین بەشەکانی عێراق.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئەمەریکا دەڵێت: بەرەوپێشچوونی باش لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، هەروەها باسی لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ڕاگرتنی هەناردەکردنەکە زیانی بۆ تەواویی عێراق هەیە.

لەبارەی دادگای فیدراڵی، پیتەر گاڵبرێت، ڕوونیکردەوە، دادگاکە نایاساییە و لەگەڵ بڕگەی 92ـی دەستووری عێراقدا ناگونجێت، دادگاکە دەستوەردانی لە کارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و زیانی بە هەرێم و عێراقیش گەیاندووە.

پیتەر گاڵبرێت، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر بەهێتر دەبن ئەگەر بێت و عێراق ڕێز لە دەستوور بگرێت و، رێگە بدات بە خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن هەڵبژاردنی خۆیان هەبێت بە بەشداریی پێکهاتەکان.

لەبارەی ئاییندەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا، ناوبراو گوتی: لە ڕابردوودا سەردانی هەولێرم کردبوو بەڵام لەو ماوانەی کۆتایی کاتێک دووبارە سەردانی هەولێرم کرد هەرگیز بڕوام نەدەکرد بەو شێوەیە پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت و ببێتە بەشێک لە ژیانی من، هەروەها بووەتە شارێکی مۆدێرن، هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەمەریکا هەیە و ئەمە زۆر گرنگە بەردەوامی پێ بدرێت بۆ ئەوەی ئەمەریکا بتوانێت بوونی سەربازی خۆی لێرە درێژەی پێبدات بۆ پاراستنی هەرێمەکە.