وەزارەتی ناوخۆی عێراق توندوتیژیی دژی خۆپیشاندەرانی پارێزگای زیقار ڕەت دەکاتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەدات، ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بنەمای دروستیان نییە و هێزە ئەمنییەکان خۆیان لە توندوتیژی پاراستووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بڵابوونەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆی خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی گرێبەستی کۆمپانیانی نەوتی پارێزگای زی قار و برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەدات، ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بنەمای دروستیان نییە و هێزە ئەمنییەکان خۆیان لە توندوتیژی پاراستووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە پارێزگاریی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەروماڵی هاووڵاتیان بکەن.
باس لەوەش دەکات، لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای زیقار 19 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ لێژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێک هێناوە.
ڕۆژی یەکشەممە، شەڕ و پێکدادان بە دار و بەرد لە نێوان خۆپیشاندەرانی گرێبەست کە داوای دامەزراندنیان لە کۆمپانیای نەوتی زیقار دەکرد لەگەڵ کارمەندانی پۆلیس سەری هەڵدا، لە کاتێکدا خۆپیشاندەران بەردەوام بوون لە داخستنی کۆمپانیاکە، داوایان دەکرد لە گرێبەستەوە بکرێنە کارمەندی هەمیشەیی.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، 26ـی ئایاری 2024، هێزە ئەمنییەکان بە کوتەک لە دەرچووانی ئەندازیارانی نەوتیان دا، کە لەبەردەم پاڵاوگەی "شوعەیبە" لە بەسرا خۆپیشاندانیان دەکرد.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لەدەوری یەکێک لە خۆپیشاندەران کۆبوونەتەوە لێی دەدەن، هەندێکی دیکەش لەو خۆپیشاندەرانە دەستگیر کراون، لەهەمان کاتدا هاوار و ناڕەزایەتی ئەو ئافرەتانەش کە لەگەڵ هاوکارەکانیان خۆپیشاندانیان کرد، دەبیسترا.