ئیتامار بن گڤیر: دەستپێشخەرییەکەی جۆو بایدن بۆ ئاگربەست بێ مانایەوە و هەرگیز قبووڵی ناکەن

ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل رایگەیاند، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاگربەستی غەززە بێ مانایەوە و هەرگیز قبووڵی ناکەن. هۆشداریشی دایە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەگەر بەو دەستپێشخەرییەی ئاگربەست ڕازی بێت ئەوا حکوومەتەکەی هەڵدەوەشێننەوە.

ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییەی لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە خراوەتە ڕوو، مانای وازهێنانە لە شەڕ و لەناوبردنی حەماس، بەڕاستی دەستپێشخەرییەکەی جۆو بایدن کەمتەرخەمانەو و بێ مانایە.

بن گڤیر گوتیشی: هەتا بەتەواوی حەماس لەناو نەبەین، مانای وایە سەرکەوتنی تەواوەتیمان بەدەست نەهێناوە. بۆیە، سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆ ئاگادار دەکەمەوە، ئەگەر ڕازیبێت بەو دەستپێشخەرییە ئەوا حکوومەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە.

پێشتریش سەرۆکی کۆنگرەی جووەکان لە ئەورووپا، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کێشەی دژە جوو توندتر کردووە بە قسەکردن لەسەر نیشتەجێکردنی ئیسرائیلییەکان لە غەززە.

ئاریێل مۆزیکانت، سەرۆکی کۆنگرەی جووەکانی ئەورووپا، لە میانی سەردانێکیدا بۆ ئیسرائیل گوتی: "هەر جارێک بن گڤیر سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە غەززە و هاندانی کۆچی فەڵەستینییەکان لە غەززە قسە دەکات، هەمان قەوان لێ دەداتەوە."

مۆزیکانت کە لە نەمسا دەژی و سەرۆکایەتی گروپێکی فراوان زیاتر لە 20 کۆمەڵگەی جوو دەکات لە سەرانسەری ئەورووپا، دەڵێت، "تاکەکانی ناو حکوومەت، وەک بن گڤیر و (وەزیری دارایی بێزالێل) سمۆتریچ، بە هیچ شێوەیەک بەرپرسیارانە مامەڵە ناکەن."