بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ: مەترسیی ڕژد لەسەر نەمانی ئاو هەیە

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، وشکە ساڵی و بەنداوەکانی تورکیا و ئێران، نەبوونی هۆشیاریی هاووڵاتیان لە شێوازیی بەکارهێنانی ئاو، هۆکارەکانی کەمبوونەوەی رێژەیەکی بەرزی ئاستی ئاوی ژێر زەوین لە هەرێمی کوردستان کە بوونەتە مەترسیی گەورە.

رۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024)،ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان دوو سەرچاوەی ئاوی هەیە کە ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوییە، لە ئاوی سەر زەوی بەنداوەکانی ئێران و تورکیا و گۆڕینی ڕێڕەوی سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستانیان دووچاریی مەترسیی کردووەتەوە، دەشڵێت، کاریگەری وشکە ساڵی زۆر روون بەدیار کەوتوون، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانیش تاکوو ساڵی 2045، مەترسییەکان بەرێژەی 50٪ زیاد دەبێت لەسەر ئەو بڕە ئاوەی کە ئێستا هەیە.

ئاری ئەحمەد قادر دەڵێت، کۆگاکردنی وەرزی و ستراتیژی بۆ ئاوی ژێر زەوی هەن، کۆگاکردنە وەرزییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانن، هاوکات ئەو کۆگاکردنەی کە ستراتیژینە بە دەیان و سەدان و هەزاران ساڵ ئاویان تێدا کۆگا کراوە، پێویستی بە کاتێکی زۆرە بۆ ئەوەی، ئەو ئاوەی لێی دەردێت دووبارە قەرەبوو بکرێتەوە،دەشڵێت، حەوزە ستراتیژییەکان لە هەولێر، دهۆک، بەردەڕەش، چەمچەماڵ، بازیان و دەشتەکان هەیە، لەو ناوچانە بە بەردەوامی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دادەبەزێ، گوتی، 10 ساڵ پێش ئێستا بیرەکان لە 300مەتر بوو، لە هەندێ ناوچەی وەکو قوشتەپە کە نزیکە 20 کیلۆمەتر لە هەولێر دوورە، ئێستا قوڵی بیرەکان گەیشتۆتە 700 مەتر، لە کاتێکدا لە ساڵانی هەشتاکان قوڵی بیرەکان تەنها 130 مەتر بوو، هێواش هێواش و ساڵ دوای ساڵ ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزی و تا گەیشتە ئێستا کە قوڵی بیرەکان گەیشتۆتە 500 مەتر و لە هەندێ شوێن 700 مەتر.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژەی بەوە کرد، کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی وەک بابەتێکی ستراتیژی سەیر دەکرێت و مەترسییەکی گەورەی دروستکردووە، دەشڵێت، پێویستە بیر لە نەوەکانی داهاتوو بکرێتەوە، زیاتر سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت، گوتیشی، هەوڵمان داوە بە پێی پلان سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگرین بۆ بەکارهێنان.

ئاری ئەحمەد قادر دەڵێت، ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پێنج هەزار و 400  هەزار بیر ، سەدا پەنجای ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان دابین دەکرێت، سەدا پەنجاکەی دیکەش لەڕێگەی 91 پرۆژە کە لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەن، ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییان دابین دەکرێت.

دەشڵێت، پلانمان ئەوەیە ڕێژەی ئەو سەدا پەنجایەی کە ئاوی خواردنەوەیان لەڕێگەی پرۆژە ستراتیژییەکانەوە بۆ دابین دەکرێت، بەرزی بکەینەوە بۆ رێژەی 75٪، بەوەش رێژەی ئەوانەی ئاوی ژێر زەوی لەڕێگەی بیرەکانەوە بۆ دابین دەکرێت کەم بکەینەوە بۆ رێژەی 25٪.

پێی وایە، لێدانی هەر بیرێک کاریگەری لەسەر ئاستی ئاوی ژێر زەوی دەکات، بە هەموو ئەو بیرانەی بە یاسایی و نایاسایی لێدەدەرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئاشکرای دەکات، لە وەزارەتی کشتوکاڵ کاری ڕژد کراوە بۆ زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی، بەتایبەت لە دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان کە کاریگەری زۆر دروست دەکەن، دەشڵێت، ئەمساڵ رێژەی دابارین زۆر باش بووە و سەرووی تێکڕای ساڵانە بووە، لە هەندێ شوێن دوو هێندەی تێکڕای ساڵانە باریوە، بەو هۆیە بەشێکی زۆری پۆندەکان و بەنداوەکان  گەیشتوونەتە رێژەیەکی زۆر باش و سەررێژبوونە، بەڵام دەبێ بزانین کە ساڵانێکی زۆر وشکە ساڵی بووە و پێویستە ئاوی زیاتر کۆگا بکەین، گوتی، پێویستە هاووڵاتیان لە شێوازی بەکار‌هێنانی ئاو هۆشیار بن بە بەستانی پێوەر و تەوافە، بۆ کشتوکاڵیش جووتیاران لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان دلۆپاندن و مەرەشە بەکاربێنن کە ئامانجی خۆی دەپێکێت، چونکە گڵدانەوەی ئاو لە بابەتە ستراتیژییەکانە و کاری زۆر ڕژدی لەسەر دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment