فراکسیۆنی پارتی: بە پشتیوانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بودجەی 2024 دەستەبەر کرا

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - بەغدا:

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆی ڕایگەیاند و پێشوازی لە دەنگدانی پەرلەمانتارانی عێراق کرد بۆ پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ خۆڕاگری و پشتیوانییان لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە.

هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد: پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024، دوای هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دێت بۆ گفتوگۆی بەردەوام و سەردانیکردنی بەغدا بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها ڤیان سەبری جەختیکردەوە، هەموو ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بەشداربوون و ئەنجامێکی باش بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەدیهاتووە، بە مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتییەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاشکرای کرد، پەرلەمانی عێراق بڕگەیەکی بۆ خشتەکانی بودجەی 2024 زیادکرد کە دەسەڵاتی بە ئەنجوومەنی وەزیران داوە بڕی دوو تریلیۆن دینار بۆ پارێزگاکان خەرج بکات.

دلێمی گوتیشی: وەک فراکسیۆنی پارتی پشتیوانی لە پارێزگاکان کردووە بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ پرۆژەکان، هەروەها وەک فراکسیۆنی پارتی هەموو هەوڵێکماندا کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکرێت.

جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیکردەوە: بە پاڵپشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و پەیوەندییە بەردەوامەکانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. هەروەها سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیشی کرد کە پشتیوانییان لە پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 کرد.

هاوکات خەلیل غازی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیکردەوە: فراکسیۆنی پارتی بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی خەرجکردنی بودجە و جێبەجێکردنی خشتەکانی بودجەی 2024.

Fly Erbil Advertisment