ئیخڵاس دلێمی: چیدی مووچەی خەڵکی کوردستان دوا ناکەوێت

ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چیدی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوا ناکەوێ و گرەنتی کراوە.
رۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024)، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەنگ بە خشتەکانی بوودجەی ساڵی 2024 درا کە پشکی هەرێمی کوردستانیان تێدایە، لە قەرەبوو کردنەوەی فەرمانبەران و پارەی چاودێری کۆمەڵایەتی و وەبەرهێنان و گەشەپێدانی هەرێمەکان، دلێمی گوتی، بەگشتیی پارەکە بیست ترلیۆن و 910 ملیار دینار بوو، جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بە هەوڵی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و حکوومەت، هاوکات سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچێرڤان بارزانی و فراکسیۆنی پارتی کە ڕۆڵیان هەبوو لە جێگیرکردنی ئەو بەشە بوودجەیە.
ئیخڵاس دلێمی گوتی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی کراوە کە بڕەکەی 11 تریلیۆن و 600 ملیار دینارە، بەشێوەی مانگانە، ئەوەش ئامرازێکی سەقامگیر دەبێت بۆ خەڵکی کوردستان کە یاساییەک مافەکانیان دەپارێزرێت، گوتیشی، لە گەشەپێدان و وەبەرهێنان هەرێمی کوردستان پشکی خۆی دەبێت.
دلێمی ئاشکرای کرد، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکاری ڕێککەوتنی لایەنەکان بوو لەنێو پەرلەمانی عێراق بۆیە زوو دەنگی لەسەر درا، گوتی، ئێستا هەرێمی کوردستان پارێزراوە و هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت و ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت، ئیخڵاس دلێمی گوتی، مووژدە بێت بۆ خەڵکی کوردستان مووچەی خەڵکی کوردستان مانگانە دێ و دواکەوتن نەما.
ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی ئاشکرای کرد، هەوڵماندا مافی گرێبەستەکان بپارێزین، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەڵێنی پێداین کێشەی فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژ چارەسەر بکات.
ئیخڵاس دلێمی گوتی، هەموومان لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە کۆ دەنگی چووینە نێو کۆبوونەوەکە، دوای ئەوەش چاودێری جێبەجێکردنی خەرجکردنی پارەی هەرێمی کوردستان لە بودجە و مووچە و پشکی کوردستان دەکەین بە هەماهەنگی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی.