بەڵێنێکی دیکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی؛ دەستەبەر کردنی مووچەی مووچەخۆران لە بودجە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

بەڵێنێکی دیکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بە کردار جێبەجێ کرا و هەوڵ و سەردانەکانی بۆ بەغدا لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024، جێگەی خۆیان گرت.

لە دانیشتنی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر خشتەکانی بودجەی 2024ـی فیدراڵی کۆبووەوە و بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار پەسەندی کرد، کە یەکێک لە بڕگەکانی بریتییە لە دەستەبەر کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی).

پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024، دوای ڕۆژێک هات لە لێدوانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24، کاتێک لە پەراوێزی ئاهەنگی شەشەمین خولی دەرچوونی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ڕایگەیاند: "لە کاتێکی زۆر نزیکدا کێشەی مووچە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر دەکرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە (30ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردە عێراقییەکان کۆبووەوە و لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لە دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور".

هەروەها ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ - ئێتیت، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بەردەوام لە پەیوەندی و هەماهەنگی داین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی کێشەی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت".

دوای پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بە پشتیوانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بودجەی 2024 دەستەبەر کرا.

پشکی هەرێمی کوردستان بە هەردوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان دەگاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 911 هەزار دینار، خەرجی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیۆن و 223 هەزار دینار پێکدەهێنێت، لەو برە 11 تریلیۆن و 580 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دانراوە و بەم شێوەیە مانگانە 965 ملیار دینار بۆ خەرجی ئەم بوارە ڕەوانە دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment