ڤیان سەبری: حکوومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەر لە جەژن

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق پابەندە بەر لە جەژن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەین بەبۆنەی دەنگدان لەسەر خشتەکانی بوودجە، مافی خەڵکی کوردستان تێکڕا هاتە دەست بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەردانی لایەنەکان لە بەغدا، ڤیان سەبری ئاشکرای کرد، 211 تریلیۆن و 900ملیار دینار بۆ هەموو عێراق تەرخانکرا، لەو بڕە پارەیەش 20 ترلیۆن و 910 ملیار دینار بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە نزیکەی 11 ترلیۆن و 600 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و چاودێریی کۆمەڵایەتییە، دەشڵێت، پێویستە مانگانە 960 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چاودێری کۆمەڵایەتیش بێت.
ڤیان سەبری گوتی، لە ئەمڕۆوە حکوومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، گوتیشی، ڕێککەوتنەکان کۆنکریتین لەنێوان هەولێر و بەغدا.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، پارەی قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران لە عێراق 4 ترلیۆن و 200 ملیار دینار زیاد بوو، چاودێریی کۆمەڵایەتیش دوو ترلیۆن زیاد بوو کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
دەڵێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران 9 ترلیۆن و 556 ملیار دینار تەرخانکرا، بۆ پێداویستی خزمەتگوزاریی دوو ترلیۆن و 900 ملیار دینار ، بۆ پێدانی قەرز 61 ملیار دینار، چاودێریی کۆمەڵایەتی دوو ترلیۆن و 20 ملیار دینار، بەنزیکەی 16 بۆ 17 ترلیۆن دینار پێویستە بگاتە هەرێمی کوردستان، ڤیان سەبری گوتی، ئەوەی گرنگە مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گرەنتی کرا کە مانگانە 960 ملیار دینارە.
ڤیان سەبری ئاماژەی بەوە کرد، وەکو فراکسیۆنەکانی کوردستانیی چاودێری جێبەجێکردنی یاسای بوودجە دەکەن، گوتی، لەسەر حکوومەتی عێراقە پابەند بێت بۆ سەقامگیریی ئابووری و سیاسیی، گوتیشی، سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا لەپێناو زامن کردنی مووچەی فەرمانبەران بوو کە هاتە دی، پێشی وابوو نابێت وردبینییەکان بۆ پرسی مووچە دابەشکردن بگاتە دوو هەفتەو سێ هەفتە و ببێتە هۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران.
ڤیان سەبری لەبارەی دابەشکردنی مووچە بەر لە جەژن گوتی، لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی هەماهەنگی باش هەیە، بۆیە حکوومەتی عێراق پابەندە مووچەکە بنێرێت بەر لە جەژن.
لە دانیشتنی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر خشتەکانی بودجەی 2024ـی فیدراڵی کۆبووەوە و بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار پەسەندی کرد، کە یەکێک لە بڕگەکانی بریتییە لە دەستەبەر کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی).
پشکی هەرێمی کوردستان بە هەردوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان دەگاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 911 هەزار دینار، خەرجی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیۆن و 223 هەزار دینار پێکدەهێنێت، لەو برە 11 تریلیۆن و 580 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دانراوە و بەم شێوەیە مانگانە 965 ملیار دینار بۆ خەرجی ئەم بوارە ڕەوانە دەکرێت.