ماتیۆ میلەر: حەماس ئاگر بەست قبووڵ ناکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، تاکە بەربەست لەبەردەم بەدیهێنانی ئاشتی لە غەززە بزوتنەوەی حەماسە.
ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاگربەست کردوویەتی دەبێتە هۆی ڕاگرتنی کوژرانی فەڵەستینییەکان و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی پێشوویان.
دەشڵێت، "با ئەمە لای فەڵەستینییەکان و جیهانیش ڕوون بێت کە تاکە بەربەست لەبەردەم ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بزوتنەوەی حەماسە، ئەوان پێش چەند ڕۆژێک گووتیان دەستپێشخەرییەکە قبوڵ دەکەن ئێستاش کاتی کردارە".
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بایدن کردوویەتی دەبێتە هۆکاری ڕاگرتنی مردنی ڕۆژانەی فەڵەستینییەکان، گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، هەروەها ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی ماوەی زیاتر لە 240 ڕۆژە لە کەسوکاریان دوورن.
بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە هۆکاری ڕاگیرانی هێرشی تیرۆریستییەکانی حیزبوڵای لوبنانی بۆسەر سنوورەکانی ئیسرائیل کە رۆژانە هێرش ئەنجامدەدەن.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، ئیسرائیل ڕەشنووسێکی نوێی بۆ ئاگربەست لە غەززە خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی حەماس، کە لە سێ قۆناغ پێک هاتووە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، ڕەشنووسەکە لە سێ قۆناغ پێک هاتووە، کە قۆناغی یەکەمیان شەش هەفتەیە و بریتییە لە ڕاگرتنی تەواوەتی شەڕ، هەروەها کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی زۆری سڤیلی لیێیە، ئەوە لەگەڵ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە.
دەشڵێت، "دواتر گفتوگۆ دەربارەی قۆناغی دووەم و سێیەم دەکەین کە بریتییە لە ڕاگرتنی هەمیەشەیی شەڕ".
ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.