بڕیاردەری پەرلەمانی ئەوروپا: سەپاندنی قەیوم لە باکووری کوردستان دەستی پێکردەوە

بڕیاردەری پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕەخنە لە سیاسەتی حکوومەتی تورکیا دژ بە سەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان دەگرێت و دەڵێت؛ دیسان هەڵمەتی لادان و دانانی قەیوم دەستی پێکردەوە.
ناچۆ سانچێز ئامۆر پەیامەکەی بە ناونیشانی "دیسان دەستی پێکرد" نووسیوە و دەڵێ: دەستگیرکردنی محەممەد سادق ئاکش، سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و سەپاندنی قەیوم لە شوێنی ئەو ڕەت دەکەینەوە، چونکە ئەوەی کراوە بەلاوەنانی ئیرادەی خەڵکە و هێرشکردنە بۆ سەر بنەما دیموکراسییەکان.
کاردانەوەکان دوای دەستگیرکردنی محەممەد سادق ئاکش دێت کە بەتۆمەتی سکاڵایەک گوایە لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکوو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، دوای دەستگیرکردنی ئاکش، وەزارەتی ناوخۆ تورکیا سەرۆک شاروانییەکی بە قەیوم داناوە بۆ ڕاییکردنی کارەکان.
پێشتریش لە 2ی نیسانی 2024، تەنیا دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا، بەبڕیارێکی نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی وان عەبدوڵڵا زەیدانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی گەورە شارەوانی وانی باکووری کوردستان لە پشکی دەم پارتی لە پۆستەکەی دورخرایەوە و لە بری ئەو عەبدولهات ئاڤەر کە دووەم کاندیدی دەرچووی هەڵبژاردنی بازنەی پارێزگای وان لە پشکی ئاکپارتی خرایە شوێنی بۆ سەرۆکایەتیکردنی شارەوانی پارێزگاکە، بەڵام بڕیارەکە ڕووبەڕووی خۆپیشاندانی جەماوەریی بووەوە و بە ناچاری دەزگای باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیارەکەی گۆڕی و مافەکانی بۆ عەبدوڵڵا زەیدان گەڕاندەوە.