ناوچەی "سیپان"ـی باکووری کوردستان سەرنجی گەشتیاران و فۆتۆگرافەرانی ڕاکێشاوە
لوتکەی سیپان لە بەدلیسی باکووری کوردستان، دەریاچەی جیلی بەردەم چیاکە و دەشتاییەکانی دەوروبەریشی، بوونەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و فۆتۆگرافەران.
چیای سەرکەشی سیپان و دەشتاییەکانی سوتەی لە بەدلیسی باکووری کوردستان؛ پێکەوە دیمەنێکی ناوازەیان بۆ سەردانیکەران فەراهەم کردووە. هێشتا بەهار دەستی و دەشتاییەکان سەوز هەڵگەڕاون، گوڵە رەنگاورەنگەکانی بەهاریش زیاتر تابلۆکەیان ناوازە کردووە.
لوتکەی سیپان لە چوار وەرزی ساڵ بەفری لێیە، دەریاچەی جیلی بەردەم چیاکەش میوانداریی لە کۆمەڵێک باڵندەی جیاواز دەکات. دەشتاییەکانی دەورووبەریشی بەهۆی وەرزی ساڵەوە بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و فۆتۆگرافەران.
ئیسکەندەر سەلچوک، فۆتۆگرافەرە و ئـاماژە بەوە دەدات، "لە شارۆچکەی عادلجەوازی بەدلیسین، ئەوەی دەیبینن دەشتاییەکانی سوتەی، چیای سیپان و دەریاچەی جیلە. هاتووین بۆ فۆتۆگرافەریی، چونکە دیمەنێکی ناوازەیان هەیە. ئەمە وەک دیاردەیەکی بێوێنەی سروشتی وایە. هیوادارین خەڵک بێن و بە چاوی خۆیان ببینن".
فۆتۆگرافەرێکی دیکە کە لە ڕێگەی درۆنەکەیەوە دیمەنەکان تۆمار دەکات دەڵێت، کۆمەڵێک جۆری رووەک و باڵندەی جیاواز لێرە هەیە.
فاتیح بیلگیچ، فۆتۆگرافەر ئەوە دەخاتەڕوو، "ئێستا لە بەرزایی دوو هەزار و 100 مەتر لە سەر ئاستی دەریاین. دەریاچەکە بە تەواوی دەریاچەیەکی سروشتییە و دەستکرد نییە، چەندین جۆر رووەک و پەپولە و باڵندەی جیاوازم بینی کە پێشتر نەمبینیوە. پێشنیاز دەکەم بەتایبەتی گەشتیارانی بیانی بێن و سەردانی ئێرە بکەن".
هەرچەندە ئێستا پێمان ناوەتە وەرزی هاوین، بەڵام چیای سیپان و دەشتاییەکانی دەورووبەری لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزن بۆیە بەهار لەو ناوچەیە دوادەکەوێت. ئەمەش وایکردووە، خەڵک لە ساڵێکدا دوو جار بەهار ببینن و سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن.